رۆژی هەینی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵبژاردن دەکرێت

هەڵبژاردن لە ئێران
هەڵبژاردن لە ئێران

K24 – هەولێر:

رۆژی هەینی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئێران و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەی ئامارەکان لەکۆی 85 ملیۆن هاووڵاتی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، 61 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، هاوکات بۆ پەرلەمان 15 هەزار و 200 کاندید بۆ  290 کورسی، 144 کاندید بۆ 88 کورسی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری کێبڕکێ دەکەن.

هەڵبژاردنی خولی دوازدەیەمی پەرلەمان و خولی پێنجەمی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریی ئێران، لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسییە ریفۆرمخوازەکانی ئێران رایانگەیاندووە لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار نابن. لە وڵامی ئەم کەسانەشدا ئایەتوڵڵا خامەنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن، هیچ دەستکەوتێکی بۆ کەسانی ناڕازی نابێت.

رۆژی هەینی (1ـی ئاداری 2024) هاووڵاتییانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەمەبەستی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، روو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن. بە گوێرەی ئامارەکان، لە کۆی 85 ملیۆن هاووڵاتی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، 61 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە 30 ملیۆن دەنگدەر واتە نزیكەی نیوەی دەنگدەران ژنانن.

هەڵبژاردنی هەردوو دامەزراوە یاساییەی ئێران بە یەک خول بەڕێوەدەچێت، 59 هەزار بنکەی دەنگدان لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەکراون كە بۆ کردنەوەی ئەو بنکانە سوود لە قوتابخانە و مزگەوتەکان وەردەگیرێت.

کورسییەکانی پەرلەمانی ئێران لە 290 کورسی پێکهاتووە کە هەموو ناوچەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، 15 هەزار و 200 کاندید کێبڕکێی لەسەر دەکەن.

لەكاتێكدا ژمارەی دەنگدەرانی ژن نزیكە لە نیوەی كۆی دەنگدەران، بەڵام بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، رێژەی کاندیدانی ژن تەنیا 12%ـە. هەروەها لەکۆی 290 پەرلەمانتاری ئێستا تەنیا 16 پەرلەمانتار ژنن.

لە هەمان رۆژدا، 88 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری به دەنگدانی راستەوخۆ بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەڵدەبژێردرێن. 144 کاندید خۆیان بۆ ئەم ئەنجوومەنە کاندید کردووە کە سەرجەمیان پیاون. ئەم ئەنجوومەنە دەسەڵاتی گۆڕین و متمانەبەخشینی بە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە کە  بەرزترین دەسەڵاتی سیاسی وڵاتەکەیە.

كەمترین رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020 بوو کە 42%ـی دەنگدەران بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد، کە ئەمەش بە کەمترین رێژە دادەندرێت لە ماوەی دروستبوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران.

چاودێرانی دۆخی ناوخۆیی ئێران ئاماژە بەوەدەکەن، ساردترین هەڵبژاردنی هەموو تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. چاوەڕێ دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا کەمترین رێژەی بەشداریی هاووڵاتییان تۆماربکرێت. بۆ یەکەمجار سەدان کەسایەتیی سیاسیی ریفۆرمخواز لەنێو ئێرانەوە رایانگەیاندووە لە هەڵبژاردندا بەشدار نابن لەبەرئەوەی هیچ هیوایەکیان بۆ گۆڕان نەماوە. ئەم نیگەرانییانە تەنانەت لە لێدوانەکانی کاندیدە بناژۆخوازە توندڕەوەکانیشدا رەنگدانەوەی هەبووە.

لەلایەن خۆیەوە، تەهوورا نەورۆزی، کاندیدی بناژۆخواز و سەرۆکی خانەی عیفاف و حیجاب رایگەیاندووە: "خەڵک نەک بێ هیوان، پێشیان وایە بارودۆخەکە بە هیچ شێوەیەک گۆڕانی بەسەردا نایەت. بێهیوایی لە گۆڕان زۆر مایەی ناڕەحەتییە".

سەرکوتکردنی داخوازییە کۆمەڵایەتییەکانی هاووڵاتیان و بە تایبەت ژنان لە ساڵانی رابردوودا لەلایەک و ئەو گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییانەی لە ئەنجامی سیاسەتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی ئێرانەوە خراونەتە سەر ئەم وڵاتە لەلایەکی دیکەوە، زۆرینەی هاووڵاتیانی بێهیوا کردووە.

هەروەها ئەحمەد زەیدئابادی، رۆژنامەنووس و شڕۆڤەکاری سیاسی پێیوایە تا لە سەرەوە ئیرادەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێشان نەدرێت خەڵک لە هەڵبژاردندا بەشدارنابن و دەڵێت: "ساردبوونی خەڵک بەرانبەر بە هەڵبژاردنەکان دەرئەنجامی نەبوونی متمانەیە بە کۆی سیستمی دەسەڵاتداری بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. هەر بۆیەش تا لە سەرەوە بڕیارێک نەدرێت یاخود ئیرادەی چارەسەرکردنی کێشەکان پێشان نەدرێت، بە ڕای من ئیتر زۆربەی خەڵک لە دەنگداندا بەشدارنابن".

لە بەرامبەر ئەو دەنگانەدا، ئایەتوڵڵا خامەنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک باڵاترین دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە چەند مانگی رابردوودا بەردەوام خەڵکی بۆ دەنگدان هانداوە، لە وەڵامی نیگەرانییەکانی ئەو کەسانەدا کە باس لە بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن رایگەیاند، دەنگ نەدان هیچ دەستکەوتێکی بۆ ئەو کەسانە نابێت.

خامنەیی گوتی: "ئەوانەی دەڵێن دەنگ نادەین بە رای من دەبێت هەندێک زیاتر بیر بکەنەوە. دەنگنەدان هیچ قازانجێکی نییە. ئێوە دەڵێن دەنگدان قازانجی نییە. بەڵام رەنگە دەنگدان هەندێک قازانجی هەبێت بەڵام لە دەنگنەداندا ئەگەری هیچ قازانجێک لە ئارادا نییە".

زۆربەی کاندیدە سەربەخۆ و ریفۆرمخوازەکان بۆ هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، لەلایەن ئەنجومەنی پاراستنی دەستوورەوە رێگای خۆپاڵاوتنیان پێنەدراوە. تەنانەت حەسەن رۆحانی کە هەشت ساڵ سەرۆککۆمار و 24 ساڵی رابردووش ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری بووە، شیاوبوونی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی ئەم ئەنجوومەنە رەتکراوەتەوە. ئەمەش بەو مانایەیە باڵی بناژۆخواز بە یەکدەست کردنی زیاتری دەسەڵات خەریکە خۆی بۆ قۆناغی پاش عەلی خامەنەیی ئامادەدەکات.

زیاتر بخوێنەوە:

هەڵبژاردنەکانی ئێران لەنێوان دۆخی نێوخۆیی و ململانێکانی ناوچەکە؛ تاران بەرەو کوێ دەبات؟

سیناریۆکانی دوای هەڵبژاردنەکان لە ئێران؛ کێ دەبێتە جێگرەوەی خامنەیی؟