واشنتن داوای گەرەنتی بەکارهێنانی چەک لە تەلئەڤیڤ دەکات

K24 – هەولێر

ئیدارەی جۆو بایدن رایگەیاند، ئیدارەی ئەمەریکا هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل رادەگرێت ئەگەر تەلئەڤیڤ لە بەرواری دیاریکراودا گەرەنتی پێویست نەدات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی شوباتی 2024، ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، تا ناوەڕاستی مانگی ئازاری داهاتوو مۆڵەتی بە ئیسرائیل داوە تا بەڵگەنامەیەک واژۆ بکات کە پابەندی دەکات بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی ئەمەریکی و رێگە بە چوونە ناو غەززە یارمەتییەکان بدات. راشیگەیاند، "ئیدارەی ئەمەریکا هەناردەکردنی چەکەکانی بۆ ئیسرائیل رادەگرێت ئەگەر تەلئەڤیڤ لە بەرواری دیاریکراودا گەرەنتی پێویست نەدات".

راشیگەیاند، لە واشنتن لە سەرەتای ئەم مانگەدا چەند مەرج و یاداشتێک دەرچووە، کە تێیدا هاتووە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا داوای "گەرەنتی" دەکات، پێش هەناردەکردنی هەر چەکێکی ئەمەریکی بۆ ناوچەیەکی جێناکۆک، وڵاتانی پەیوەندیدار دەبێت "گەرەنتی باوەڕپێکراو" پێشکەش بکەن کە ئەو چەکانە بەکاردەهێنن بەپێی یاسای مرۆیی.

ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاماژەی بەوە کردووە کە سیاسەتە نوێیەکەی ئەمەریکا ئیسرائیل بە تایبەت ناکاتە ئامانج، هەروەها ئەوەش لە چوارچێوەی نیگەرانی هەندێک سیناتۆرەکانی دیموکراتەکاندا هاتووە، کە نیگەرانی خۆیان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە دەربڕی. هەر بۆیە ئەگەر تا ناوەڕاستی مانگی ئازار گەرەنتی نەدرێت بە ئەمەریکا، ئەوا دەبێت گواستنەوەی چەکی ئەمەریکی بۆ ئیسرائیل بە شێوەیەکی کاتی. راگیرێت.

بەرپرسانی ئەمەریکی لە هەردوو شاری واشنتۆن و تەلئەڤیڤ، بە شێوەیەکی فەرمی هاوتا ئیسرائیلییەکانیان لەبارەی سیاسەتە نوێیەکەوە ئاگادارکردەوە، هەروەها رەشنووسی ئەو نامەیەیان پێدا کە دەبێت واژۆی لەسەر بکەن بۆ ئەوەی پابەندبن بە یاداشتەکەی ئەمەریکاوە.

لای خۆیەوە، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل لە قسەکانیدا بۆ ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" دەڵێت: " داواکاری ئەمەریکا ئەوەیە تا ناوەڕاستی مانگی ئازار گەرەنتی نووسراو بەدەستبهێنێت، بۆ ئەوەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا تا کۆتایی ئەم مانگە بتوانێت ئەو گەرەنتیانە پەسەند بکات".

لە چەند رۆژی رابردوودا پەیامی هاوشێوە بۆ چەند وڵاتێکی دیکە کە چەکی ئەمەریکی بەکاردەهێنن، لەوانەش ئۆکرانیا نێردراوە.