لە ورمێ 50 کەس بە تۆمەتی دژایەتی هەڵبژاردن دەستگیرکران

K24 - هەولێر

لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان 50 کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن و هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەشداری نەکردن لە دەنگدان و هەڵبژاردنی دوازدەهەمین خولی ئەنجومەنی شورای کۆماری ئیسلامی ئێران دەستگیرکران.

بەگوتەی رەحیم جیهانبەخش بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ، ئەوانەی دەستگیرکراون لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە داوایان لە هاووڵاتییان و دەنگدەران کردووە بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن، بەو هۆکارەوە لەلایەن هەواڵگری پۆلیس بە هەماهەنگی دەسەڵاتی دادوەری فەرمانی دەستگیرکردنیان جێبەجێکراوە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی ورمێ دەڵێ؛ بەگوێرەی یاسای بڵاوکردنەوەی هەر پەیام و دروشمێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆ تێکدانی دەروون و شیرازەی کۆمەڵگە و دژایەتیکردنی هەڵبژاردن پێشێلکارییەکی زەقی یاسایە و بە تاوان هەژمارە و تۆمەتباران رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.

بڕیارە سبەی هەینی (1ی ئاداری 2024) پرۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردنی دوازدەهەمین خولی پەرلەمانی ئێران لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە و رۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەبچێت، کە 15 هەزار و 200 کاندید کێبڕکێ لە سەر بەدەستهێنانی 290 کورسی پەرلەمان دەکەن.