هۆشداری لە خراپبوونی دۆخی زیندانییان لە عێراق دەدرێت

زیندان
زیندان

K24 - هەولێر

هۆشداریی لە قۆناغێکی نوێی کودەتا بەسەر دیموکراسییەت لە عێراق  دەدرێت. دەرکردنی بڕیارێک لە لایەن دادگاوە بۆ بەرژەوەندی لایەنێکی دیاریکراو هاوپێچە لەگەڵ کەمبوونەوەی ئازادی و خراپتربوونی بارودۆخی مانەوەی زیندانییان  و بێسەروشوێنان.

زیاتر لە هەشت ساڵە دایکێک هیوای گەڕانەوەی کوڕەکەی نەپووکاوەتەوە. باوکیشی، هێشتا رژدە لەسەر ئەوەی کوڕەکەی لە ژیاندا ماوە و دەڵێت، "بە سێ ملیۆن دینار پەیوەندیی تەلەفۆنیم لەگەڵ کوڕەکەم کرد و گوێم لە دەنگی بوو". ئەم چیرۆکە یەکێکە لەو چیرۆکە زۆرانەی خانەوادەی رفێنراو و بێسەروشوێنان، لە وڵاتێکدا دیموکراسییەت بەرەوە لەناوچوونە و ئاسۆش ناڕوونە.

ئەو دایکە لە بەشێکی قسەکانیدا گوتی، "سوێند بە خوا زیندانی نهێنی هەیە و ئەوان بۆ خۆیان دەڵێن نییە، کوڕەکەمم  دەوێت. سوودانی (سەرۆکوەزیرانی عێراق) کوڕەکەم بدۆزەوە. ئەوە هەشت ساڵ و 4 مانگە ئەو کوڕەم لەژێر زەوی دایە، بێتاوان ئەو حاڵەیان بەسەر هێنا".

باوکی ئەو بێسەروشوێنکراوەش دەڵێت: "لە 17ی11ی 2015ەوە کوڕەکەم لە نەعمانییە بێسەروشوێنکراوە. لەوێ گواستیانەوە بۆ ئەبووغرێب. دوو سێ رۆژ مایەوە و بردیان بۆ ئەنبار. بە دیاریکراوی ناوچەی جەرایسە سەرووی قوتابخانەی ئەبووزەری غەفاری، زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر بە 2500 دۆلار چوار تەلەفۆنم لەگەڵیدا کرد. ئەو کەسەی کارەکەی بۆ رێکخستم سەربازی فیرقەی نۆ بوو".

چالاکوان و رۆژنامەنووسان هۆشداریی لە پاشەکشە و لەناوچوونی دیموکراسییەت لە عێراق دەدەن، بەتایبەتی دوای دەرکردنی چەند بڕیارێک لە لایەن حکومەتی فیدراڵی لەسەر ئاستی سیاسیی و دادوەری کە پەرەسەندنەکانیان زیاتر کردووە.

رۆژنامەوان محەممەد باسم ئاماژە بەوە دەدات: "دۆسیەی بێسەروشوێنکراوان، دۆسییەیەکی مەترسیدارە. بە گوێرەی پێوەری جیهانیی دیموکراتی؛ عێراق چوار پلە پاشەکشەی کردووە و زۆر راپۆرتیش باس لەوە دەکەن عێراق لە 2006ەوە خراپترین وڵاتە لە رووی دیموکراسییەوە".

گەڕانەوە بۆ قۆناغێ پێش 2003 مەترسییەکی راستەقینەیە لەسەر عێراق. شارەزایانیش هۆشداری دەدەن، نابێت یەک لایەن وڵات بەڕێوەببات و خۆی بەسەر هەموواندا بسەپێنێت.