زیا پەترۆس: دادگای فیدڕاڵی عێراق دژی مانەوەی پێکهاتەکانە لە وڵاتی خۆیان

زیا پەترۆس، کەسایەتی سیاسی سەربەخۆی کلدان
زیا پەترۆس، کەسایەتی سیاسی سەربەخۆی کلدان

K24 - هەولێر

کەسایەتییەکی سیاسی سەربەخۆی کلدا رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق دژی مانەوەی پێکهاتەکانە لە وڵاتی خۆیان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی شوباتی 2024، زیا پەتڕۆس، کەسایەتی سیاسی سەربەخۆی کلدان، لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عێراق لێدانە لە پێکهاتەکان، و دژی مانەوەی پێکهاتەکانن لە وڵاتی خۆیان بەتایبەت کرستیانەکان.

بەگوتەی ئەو سیاسییە: "دوای ئەوەی بۆیان دەرکەوت لە هەرێمی کوردستان ئەم پێکەوە ژیان و یەکتر قبووڵکردنە و سیستەمی بەشداربوونە هەمەرەنگەی هەموو خەڵک هەیە و کوردستان بەرەو پێشتری دەبات. رەنگدانەوەی باشی نێودەوڵەتی لە نێو قەوارەی هەرێمی کوردستان دانراوە، ئەمە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کوردستان بە نموونە وەرگیراوە و خەڵکی هەمەرەنگی تێدایە لە رووی ئاینی و نەتەوەیی پێکەوە دەژین و و بەشداری بوونیان لە دەسەڵاتەکان و پۆستەکاندا هەیە".

زیا پەترۆس راشیگەیاند، ئەمە لای سیستەمی حکومڕانی بەغدا قبووڵ نەکراوە و نایەوێت بەم شێوە، چونکە ئێستا عێراق پاشەکشەی کردووە لەو بنەمایەی کە لە دەستوورەکەی خۆی دایناوە، دەوڵەتی عێراق ئەم بارودۆخەی دروستکرد و ئێمە وەکو پێکهاتە زۆر نیگەرانین و ئێمە بەردەوام دەبین و ئەم سیستەمە دەپارێزین.