نیوزیلاند بزووتنەوەی حەماسی بە تەواوی خستە لیستی تیرۆرەوە

چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستین
چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستین

K24 – هەولێر

حکومەتی نیوزلاند ئەمڕۆ پێنجشەممە (29ی شوباتی 2024) بە فەرمی رایگەیاند، بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی بە هەموو باڵ و یەکەکانییەوە خستە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و هاوکات چەند ئیسرائیلییەکی توندڕەویشی لە گەشتکردن بۆ وڵاتەکەی قەدەخە کرد.

کریستۆفەر لۆکسۆن، سەرۆکوەزیرانی نیوزلاند لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیداوە، ئەو هێرشانەی حەماس لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو کردیە سەر ئیسرائیل، کردەیەکی دڕندانە بوو بە هەموو شێوەیەکی ئیدانەی دەکەن، هەر بۆیە وڵاتەکەی بزووتنەوەی حەماسی خستووەتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستە بیانییەکان، بەڵام بڕیارەکە فەڵەستنییەکانی کەرتی غەززە و تەواوی جیهان ناگرێتەوە.

هەرچەندە نیوزیلاند لە ساڵی 2010 باڵی سەربازی حەماسی بە تیرۆریست ناساندووە، بەڵام ئەمڕۆ بڕیاریدا باڵی سیاسیی و تەواوی لایەن و ناوەندەکانی ئەو رێکخراوە بە تیرۆریستین، هەروەها بڕیارە تازەکەی حکومەتی نیوزیلاند، دەستبەسەرداگرتنی تەواوی مامەڵە دارایی و موڵکایەتییەکان حەماس دەگرێتەوە، لەگەڵ بلۆککردنی هەر سەرمایەکی حەماس، ئەگەر لە نیوزیلاند هەبێت.

لە بارەی سزاکانەوە، وێنستۆن پیتەرز، وەزیری دەرەوەی نیوزلاند رایگەیاندووە، بزووتنەوە حەماس بە تەواوی باڵ و گرووپەکانییەوە بەرپرسیارە لە هێرشەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 هەربۆیە بۆ حکومەتی نیوزیلاند بۆی ئاسان نەبوو باڵی سەربازیی و سیاسیی بزووتنەوەکە لەیەکتر جیا بکاتەوە، بەڵام وڵاتەکەی رێگرنابێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی غەززە لە داهاتوودا.

لە بڕیارە تازکەیدا، حکومەتی نیوزیلاندا، سزای بە سەر 10 کەسی توندڕەوی ئیسرائیلی سەپاندووە، کە تۆمەتبارن بە تاوانی توندوتیژی دژی فەڵەستینییەکان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە رایگەیاندووە، ئەو ئیسرائیلیانەی سزایان بە سەردا سەپێندراوە بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە پێ بخەنە خاکی نیوزیلاند.