رووسیا هەڕەشە لە سوید دەکات

پەرلەمانی هەنگاریا، کاتی پەسەندکردنی بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ
پەرلەمانی هەنگاریا، کاتی پەسەندکردنی بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، دوای ئەوەی سوید پەیوەندی بە رێکخراوی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی 'ناتۆ'ەوە کرد، رێوشوێنی سەربازی و تەکنیکی و بەرپەرچدانەوە بەرامبەری دەگیرێتەبەر.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری سوید دەکەین بزانین چۆن مومارەسەی ئەندامێتی خۆی لە ناتۆ دەکات، لەسەر ئەم بنەمایە بە هەنگاوی تۆڵەسەندنەوەی سەربازی و تەکنیکی وەڵام دەدەینەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەنگاوی سوید بۆ بوونە ئەندام لەو هاوپەیمانییە، سووتەمەنی گرژییەکان خواستی شەڕی سەربازی زیاتر دەکات.

دوێنێ چوارشەممە، دوایین بەربەست لە بەردەم بوونە ئەندامی سوید بە هاوپەیمانییەکە لابرا، ئەویش دوای ئەوەی پەرلەمانی هەنگاریا ئەندامییەتی سویدی بەناتۆوە پەسەند کرد.

باڵیۆزخانەی رووسیا لە ستۆکهۆڵم لە پلاتفۆڕمی تێلێگرامی خۆیدا باسی لە گرتنەبەری رێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی سەربازی و تەکنیکی کرد کە بە پشتبەستن بە ژمارەی هێزەکان و قەبارەی ئەو ئامێرانەی کە هاوپەیمانییەکە لە ناوخۆی سویددا جێگیری دەکات.

لە رۆژی (23ـی کانوونی دووەمی 2024) په‌رله‌مانی توركیاش ئه‌ندامێتی سویدی له‌ ناتۆ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سه‌ندكرد.

هاوپەیمانیی ناتۆ لە 31 وڵاتی ئەندام پێکدێت. بەگوێرەی بڕگەی پێنجی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە؛ هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرش بۆسەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکان وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.