لە پارێزگای سلێمانی فەرمانبەران بەشداری لە پڕۆژەی 'هەژماری من' دەکەن

K24 - هەولێر

فەرمانبەرانی کاروباری هونەری پارێزگای سلێمانی ئاگادارکراونەتەوە کە سەردانی بەشی ئایتی بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی "هەژماری من".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی شوباتی 2024، سەرچاوەیەک لە پارێزگای سلێمانیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، فەرمانبەرانی کاروباری هونەری پارێزگای سلێمانی ئاگادارکراونەتەوە کە سەردانی بەشی ئایتی بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی "هەژماری من".

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: کار لەسەر پڕۆسەکە کراوە و هاوکات هەر دوێنێش نوێنەرانی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردەکان و بەڕێوەبەرانی پەروەردەی قەزاکان كۆبوونەوەتەوە.

هاوکات بە ئامادەبوونی دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لەگەڵ ستافی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، کە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردەی هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیان و بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان و بەڕێوەبەرانی ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانیش لە کۆبوونەوەکە ئامادە بوون.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ سەبارەت بە پرۆژەی "هەژماری من" کرا، کە لەلایەن نوێنەرانی نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند رێنماییەک خرانە روو بۆئەوەی بە زوترین کات ئەم پرۆژەیە لە ناوچەکە دەست پێبکات.

هەژماری من دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.

بەهۆی دەستپێشخەریی "هەژماری من"ـه‌وه‌ فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان، بە شێوەیەکی پارێزراو و شەفاف و گونجاو لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری راکێشانی پارەوە (ATM) کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات.

پرۆژەی "هەژماری من" پرۆژەیەکی بانکیی نوێخوازانەیە، سیستەمی دابینکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکانە لە ڕێگەی پشبەستن بە هەژمارە بانکییەکان؛ چاوەڕێش دەکرێت لە ماوەی ئاییندەدا، پرۆسەکە هەنگاوی گەورەتر بهاوێت و وەرچەرخان لە بزاوتی ئابووریی کوردستاندا بێنێتە کایەوە.