وەزارەتی تەندروستی لە غەززە: ژمارەی کوژراوانی فەڵەستینییەکان 30 هەزاری تێپەڕاند

K24 - هەولێر

بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆ سەر کەرتی غەززە، ژمارەی کوژراوەکانی فەڵەستین لە 30 هەزار کەس تێپەڕی کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی شوباتی 2024، ئەشرەف قودرە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە رایگەیاند، "ژمارەی کوژراوەکانی فەڵەستین 30 هەزار کەسی تێپەڕکرد، ئەمەش دوای ئەوەی شەوی رابردوو 79 تەرم هێنراوەتە نەخۆشخانە کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ و کەسانی بەتەمەن بوون".

هەر بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، ژمارەی بریندارەکانی هاووڵاتیانی سڤیل لەکەرتی غەززە، زیاترە لە 60 هەزار کەس. 

لەبەرامبەردا ئیسرائیل رایگەیاند، لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، 582 سەربازی کوژراوە، هەروەها 3007 سەربازی دیکەش برینداربوونە.

146 رۆژە شەڕ لە کەرتی غەززە بەردەوامە، کە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل هاووڵاتیانی فەڵەستینی تووشی برسێتی و نەخۆشی و ئاوارەبوون بوونەتەوە، کە بەهۆیەوە وڵاتانی جیهان داوای راگرتنی دەستبەجێی ئەو شەڕە دەکەن.