شێروان دووبەردانی: بڕیاری راگرتنی 618 ملیار دینارەکە سیاسییە

شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 – هەولێر

پەرلەمانتارێکی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەزیری دارایی عێراق لای خۆیەوە بڕیاری راگرتنی 618 ملیار دینارەکە داوە، ئەوەش بڕیارێکی سیاسییە دژی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی شوباتی 2024، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە میانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لای خۆیەوە بڕیاری راگرتنی 618 ملیار دینارەکە داوە، ئەوە بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە کە دەبێت بڕی 618 ملیار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، تاکو بودجەی 2024، بەڵام بەداخەوە پێش چەند رۆژێک وەزیری دارایی عێراق بڕیاریدا کە ئەو بڕە پارە نەنێرن تاکو وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەنێرێت.

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە: "ئەو بڕیارەی لەلای وەزیری دارایی عێراقەوە دراوە تاک لایەنەیە، بڕیارەکەش سیاسییە دژی هەرێمی کوردستان. چونکە بیانوەکەی وەزیری دارایی عێراق، ئەوەیە کە تاکو ئێستا بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق وەک نووسراوی فەرمی نەگەشتووەتە ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا یان ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم یاخود وەزارەتی دارایی".

راشیگەیاند، هەموواری ئەو بڕیارەی کە لە ئەنجومەنی وەزیران درا بە رەوانەکردنی 618 ملیار لە "ئینفاق فعلی" کە ئەوە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانە، ئەو بڕیارەش دراوە کە دەبێت تاکو مانگی شوبات وەزارەتی دارایی ئەو 618 ملیارە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێت، لەگەڵ داهاتەکانی ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی هەرێم مووچەی فەرمانبەرانی پێبدات. بەڵام تەیف سامی، وەزیری دارایی بڕیارێکی تاک لایەنەی داوە بەوەی کە ئەو 618 ملیار دینارە نەماوە و لەسەر لیستی مووچە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مووچە دەنێرێت.

بە گوێرەی ژمارەیەک بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کە رۆژی چوارشەممە، 21-02-2024، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەریکردوون؛ دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن و کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت. هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێڕاقیش پابەند دەبێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و نابێت لەمەودوا قەرز بدرێتە حکومەتی  هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مووچە دابەش بکات.

هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریش لای خۆیەوە گوتی: "بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و لێدوانەکانی دوێنێی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، بە نووسراوی فەرمی نەگەیشتوونەتە دەست ئێمە لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە ناتوانین بڵێین چۆن مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکان دەکەین".