پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی داواکارییەکی سەرەکی کوردە لە کابینەی سوودانی
K24 - هەولێر
یەکێک لە مەرجەکانی بەشداریی کورد لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بنیادنانی کابینەکەی سوودانی، دهرچوواندنی پرۆژهیاسای ئهنجومهنی فیدراڵی بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە دەرچوواندنی ئەو یاسایە پەکخراوە.
سیستەمی فیدڕاڵییەت لە هەر وڵاتێکدا لەسەر چەند پایەیەکی گرنگ بونیاد دەنرێت، بە نەبوونی هەرکام لەو پایانە، فیدڕاڵییەت سەرکەوتوو نابێت. یەکێک لەپایە هەرەگرنگەکانی هەر سیستەمێکی فیدڕاڵی، بوونی ئەنجوومەنی فیدڕاڵییە.
ئەم ئەنجوومەنە لەپاڵ ئەنجوومەنی نوێنەران لە دەسەڵاتی یاساداندا رۆڵێکی ئێجگار گرنگ دەگێڕێت، چونکە ئەندامانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی لە نوێنەری هەرێمەکان پێکدێن و هەمووان لەو ئەنجوومەنەدا ماف و سەروەرییان پارێزراوە.
لە دەستووری هەمیشەیی عێراق لە چەند ماددەیەکدا باس لە گرنگی و چۆنییەتی پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی کراوە. بەگوێرەی ماددەی 48ـی دەستوور، دەسەڵاتی یاسادانانی فیدڕاڵی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدڕاڵی پێکدێت. لە ماددەی 65ـیشدا باس لە چۆنییەتی پێکهێنانی ئەنجوومەنەکە دەکات کە تێیدا هاتووە، ئەندامانی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی لە نوێنەری هەرێمەکان و پارێزگا و حكومهتی فیدراڵی پێکدێت.
ئەنجوومەنی فیدڕاڵی چەندین رۆڵ و کاریگەری گرنگی بۆ هەرێم و یەکە پێکهێنەرەکان لە هەر دەوڵەتێکی فیدڕاڵیدا هەیە. بۆیه بە بوونی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی، هیچ لایەنێک ناتوانێت لە دەسەڵاتی لایەنی دیکە کەم بکاتەوە یاخود دهستدرێژی و پێشێلكاری بهرامبهر به یهكدی ئهنجام بدەن، جگە لەوەی سەربەخۆیی و سەروەری هەرێمەکان تێیدا پارێزراوە و ڕێگە بە زۆرداری و خۆسەپێنی زۆرینە نادات بەسەر کەمینەدا. لە ئەنجوومەنی فیدڕاڵی هەموو هەرێمەکان مافی ڤیتۆیان هەیە، بەمەش زۆرینه ناتوانێت یاسایەک بەزۆر بەبێ ڕەزامەندی لایهنهكانی دیكه بسهپێنێت کە کاریگەری بکاتە سەر پێگە و دەسەڵات و سەربەخۆیی هەرێم و یەکە پێکهێنەرەکان.
یەکێک لە مەرجەکانی بەشداری کورد لە رێككهوتننامهی هاوپهیمانی بهڕێوهبردنی دهوڵهت بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتی ئێستای عێراق، دهرچوواندنی پرۆژهیاسای ئهنجومهنی فیدراڵی بوو، کە بەگوێرەی رێککەوتنەکە، دەبوو لە ماوەی شەش مانگدا جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئێستاشی لهگهڵدابێت بههۆی ناكۆكی سیاسییهوه نهتوانراوه ئهو ئهنجومهنه دابمهزرێت.