سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی "ترسیان" لە زیادبوونی ئاستی جەماوەری سوودانی هەیە

ناکۆکییەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی فراوانتر دەبن
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن باس لەوە دەکات، بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهنەنگی نیگەرانن لە هەڵکشانی رێژەی جەماوەری سوودانی و بەمەترسی دەبینن بۆ داهاتوو و نایانەوێت لیستی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هه‌بێت.

"محەمەد شیاع سوودانی کەسێکی باشە و دەیەوێت رێککەوتنامە سیاسییەکان جێبەجێ بکات، بەڵام لایەنە عێراقییەکان ئاستەنگی بۆ دروستدەکەن"، ئەمە لێدوانی سەرۆک بارزانییە دەربارەی کەسایەتیی سوودانی کە ئێستا لە هەرەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنی عێراقدایە.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەن راپۆرتێکی دەربارەی بەربەستەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەردەم سوودانیدا بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاشکرایدەکات، چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە هەڵکشانی کێرڤی جەماوەری سوودانی نیگەرانن و دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لە قاڵبی بدەن.

شەرقولئەوسەت ئاماژەی بەوەش داوە، محەممەد شیاع سوودانی لە نەوەی کۆنی سەرکردە شیعییەکان نییە، هەروەها دەستکەوتەکانی لە بواری خزمەتگوزاری و کردنەوەی پرۆژەی خزمەتگوزاری نوێ بەتایبەتی لەبواری نیشتەجێکردن و رێگەوبان، ترسی لەلایەن سەرکردە تەقلیدییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دروستکردووە بەوەی ناوبراو توانای هەیە دڵی زۆرینەی دەنگدەرانی شیعە بۆخۆی رابکشێت و لەداهاتوودا ببێتە دەردی سەر بۆیان بەتایبەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2025.

لەوبارەیەوە بەها ئەعرەجی، جێگری سەرکردەی دیاری شیعە و جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشوو ئەوەی خستووەتەڕوو، چوارچێوەی هەماهەنگی بەڵێنی ئەوەیان بەسوودانی داوە ئەگەر بۆ هەڵبژاردنی ساڵی داهاتوی پەرلەمان لیست دروست نەکات، بۆ خولی دوومی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کانیدیدی دەکەنەوە.

محەمەد شیاع سوودانی دوای ململانێی خوێناوی شیعەکان لە ئۆکتۆبەری 2022 بازەکەی بەسەرەوە نیشتەوە، خاڵێکی بەهێزی دیکەی هەیە کە چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەران کردووە ئەویش ئەوەیە، کورد و سونە بەتێکڕا پشتیوانی دەکەن و ڤیتۆیان لەسەری نییە.

 

سەرچاوە: رۆژنامەی شەرقولئەوسەت