سه‌رۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ سەرۆکی ئه‌رمه‌نستان کۆبووه‌وه
K24 – هەولێر:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سه‌رۆککۆماری ئەرمەنستان کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا، باسیان له ده‌رفه‌ته‌کانی بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌رمه‌نستان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان کرد له بواری بازرگانی، وه‌به‌رهێنان، که‌رتی تایبه‌ت، پزیشکی و گه‌شتیاریدا.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، نیوه‌ڕۆی رۆژی پێنجشه‌ممه (29ـی شوباتی 2024) نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ڤاهاگن خاچاتوریان، سه‌رۆکی ئه‌رمه‌نستان کۆبووه‌وه.
له کۆبوونه‌وه‌که‌دا که جێگرانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زیرانی په‌یوه‌ندیداری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ی بوون، په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌رمه‌نستان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان، به‌تایبه‌تی له بواری ئابووریدا تاوتوێ کران و ده‌رباره‌ی دۆخی عێراق و هه‌رێمی کوردستان و ره‌وشی پێکهاته‌کان، بیروڕایان گۆڕییه‌وه.
هه‌ردوولا باسیان له ده‌رفه‌ته‌کانی بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌رمه‌نستان له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی کوردستان کرد له بواری بازرگانی، وه‌به‌رهێنان، که‌رتی تایبه‌ت، پزیشکی و گه‌شتیاریدا. له‌مباره‌یه‌وه تیشکیان خسته سه‌ر ده‌رفه‌تی گه‌شتی راسته‌وخۆی ئاسمانیی نێوان ئه‌رمه‌نستان و عێراق به هه‌رێمی کوردستانه‌وه.
لەلایەن خۆیەوە، سه‌رۆکی ئه‌رمه‌نستان دووشه‌ممه‌ی رابردوو به سه‌ردانێکی فه‌رمی گه‌یشته به‌غدا و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای عێراق کۆبووه‌وه، به‌یانیی ئه‌مڕۆش گه‌یشته هه‌ولێر و له‌لایه‌ن سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه‌وه پێشوازی لێ‌کرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، دوایین پێشهاته‌کانی دۆخی ناوچه‌که به‌گشتی، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که بوو.