بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت جیهانییە و لە تورکیا و میسر دووهێندە زیادیکردووە

گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان - وێنە: ئەرشیف
گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

نرخی گۆشت لەسەر ئاستی جیهان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینەوە و لە تورکیا و میسریش بۆ دوو هێندە زیادبووە و لە ئیستانبوڵیش هاووڵاتییان لەبری گۆشتی سوور و مریشک، روویان لە خواردنی ماسی کردووە.

پەیامنێری کوردستان24 لە ئیستانبوڵ رایگەیاند، نرخی گۆشتی سوور بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بەهۆی دابەزینی بەهای لیرە و رێژەی بەرزی هەڵاوسان و گرانبوونی نرخی کەلوپەل و خواردەمەنییەکان، بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان ناتوانن بەشێوەی پێویست گۆشتی سوور بکڕن.

موراد ئەکنجی، پەیامنێری کوردستان24 لە گەشتی هەواڵە ئابوورییەکانی کاتژمێر 3:30ـی کوردستان24 لەگەڵ یەکێک لە ماسیفرۆشەکانی ئیستانبوڵ بەناوی فەیسەڵ قسەیکرد و ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵ رێژەی بەرهەمهێنانی ماسیش کەمیکردووە و نرخی بەرزبووەتەوە، هەروەها بەهۆی گۆڕانی شێوازی ژیانی هاووڵاتییانیش کەمتر ماسی لە ماڵەوە ئامادە دەکەن بۆیە بۆ خواردنی ماسی، بەشێک لە هاووڵاتییانی تورکیا روو لە چێشتەخانەکان دەکەن.

هاوکات لە میسر نرخی گۆشت بەرێژەی 50% بەرزبووەتەوە، بەشێوەیەک لەو وڵاتە نرخی گۆشتی سوور رووی لە بەرزبوونەوەیەکی خێرا کردووە و لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا نرخەکەی ئاستێکی پێوانەیی تۆمارکردووە.

نرخی گۆشتی بەرهەمی ناوخۆیی میسر گەیشتووەتە 15.5 دۆلار و نرخی گۆشتی بەرازیلی نزیکبووەتەوە لە 11 دۆلار و نرخی گۆشتی هیندی لە میسر گەیشتووەتە 13 دۆلار، کە پێشتر نرخەکانیان نیوهێندە بوو.

هەروەها بەپێی بەدواداچوونی پەیامنێرانی کوردستان24، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە بەرزی ماوەتەوە و هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت لە ئاستی جیهان پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی تێچووی بەخیوکردنی ئاژەڵ لە ئاستی جیهاندا هەیە ئەوەش بەهۆی لێکەوتەکانی گۆرانکارییە ژینگەییەکانه‌وه‌.

لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەم مانگەوە نرخی گۆشتی سوور رووی لە بەرزبوونەوە کردووە، بەشێوەیەک کە لەو ماوەیەدا نرخی گۆشت بە رێژەی نزیکەی 20% بەرزبووەتەوە، به‌تایبه‌ت له‌ شارەکانی هەرێمی کوردستان بە کەرکووکەوە،‌ كیلۆی گۆشتی سوور گه‌یشتووه‌ته‌ 25 هه‌زار دینار.

هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق چەند رێکارێکیان بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشت گرتووەتەبەر، گرنگترینیان لە کەمکردنەوەی باجی سەر ئاژەڵی هاوردەیه‌ بەرێژەی 50% و رۆژی (26ـی شوباتی 2024) ئە‌نجوومه‌نی ئابووری عێراق بڕیاردرا بۆ ماوه‌ی ساڵێك به‌رێژه‌ی 50% باج له‌سه‌ر هاورده‌ی ئاژه‌ڵی زیندوو به‌مه‌به‌ستی دابه‌زینی نرخی گۆشتی سوور كه‌مبكرێته‌وه‌.

لەلایەن خۆیەوە، مەزهەر ساڵح، راوێژکاری ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە؛ سەرەڕای گۆڕانکارییە جیهانییەکان، لە عێراق بەهۆی ئەوەی لە وەرزی زستانداین بەرهەمی گۆشتی ئاژەڵ کەمبووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرهەمەکە روو لە بەرزبوونەوە بکات و کێشەکە چارەسەر بکرێت.

لە جەند هەفتەی رابردوودا بەشێک لە هاوڵاتیان بەهۆی گرانبوونی گۆشتی سوور روویان لە کڕینی گۆشتی مریشک و ماسی کردووە، ئەمەش وایکردووە نرخی ئەو دوو بەرهەمەش روو لە بەرزبوونەوە بکات.