ئه‌مڕۆ 61 ملیۆن ئێرانی به‌شداریی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری ده‌كه‌ن

K24 – هەولێر:

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریی ئێران دەستیپێکرد.

وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە بەر لە دەستپێکی پرۆسەی دەنگدان ڕایگەیاند، بۆ ئەم هەڵبژاردنانە 59 هەزار بنکەی دەنگدان لە سەرانسەری ئێران ئامادەکراون.

لەم هەڵبژاردنانەدا نزیکەی 61 ملیۆن کەس لە کۆی زیاتر لە 85 ملیۆن هاووڵاتیی ئێران مافی دەنگدانیان هەیە.

ناوەندێکی ڕاپرسی بە ناوی گرووپی توێژینەوەکانی بیروڕای ئێرانییەکان (گومان)، ئەنجامی راپرسییەکی خۆی لە دوو ڕۆژ پێش دەستپێکی هەڵبژاردنەکان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا پێشبینی کردووە، نزیکەی %75ی ئەو کەسانەی لە ئێران مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری ناکەن.

تەلەڤزیۆن فەرمیی حکومەتی ئێرانیش رایگەیاند، بەپێی ڕاپرسییەک کە ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنەکان ئەنجامدراوه‌، ٤٣ له‌ سه‌دی ئەو کەسانەی لە ئێران مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری دەکەن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ عەلی خامنەیی رێبەری ئێران له یەکەم ساتەکانی دەستپێکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران دەنگی خۆیدا.

خامنەیی دوای دەنگدان لێدوانێکی بۆ میدیاکانی ناوخۆ و بیانیدا و کوردستان24ـیش لەم لێدوانەدا ئامادە بوو و تێیدا داوای له هاووڵاتییان کرد له یەکەم کاتژمێرەکان پەله بکەن له بەشداری له هەڵبژاردن و دەنگی خۆیان بدەن و کارتی دەنگدانیان بەتەواوی پڕبکەنەوه.

گوتیشی، ئەمڕۆ چاوی زۆریەک له سەرکردە و خەڵکی جیهان لەسەر ئێران و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانه به دۆست و دوژمنەوه.

له‌له‌یه‌ن خۆشییه‌وه‌ ماتیۆ میڵەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، پێیانوانییە هەڵبژاردنەکانی ئێران ئازاد و دادپەروەرانە بن.

میڵەر هه‌روه‌ها ئاماژەی بەوەشدا، هەموو جیهان دەزانێت سیستمی سیاسی ئێران، سیستمی ئیداریی، دادوەریی و هەڵبژاردنی نادیموکراسی و ناڕوونن.

بەگوێرەی ئامارەکان لەکۆی 85 ملیۆن هاووڵاتی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، 61 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، هاوکات بۆ پەرلەمان 15 هەزار و 200 کاندید بۆ  290 کورسی، 144 کاندید بۆ 88 کورسی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری کێبڕکێ دەکەن.

هەڵبژاردنی خولی دوازدەیەمی پەرلەمان و خولی پێنجەمی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەریی ئێران، لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسییە ریفۆرمخوازەکانی ئێران رایانگەیاندووە لەم هەڵبژاردنەدا بەشدار نابن. لە وڵامی ئەم کەسانەشدا ئایەتوڵڵا خامەنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن، هیچ دەستکەوتێکی بۆ کەسانی ناڕازی نابێت.

ئه‌مڕۆ هەینی (1ـی ئاداری 2024) هاووڵاتییانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەمەبەستی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری، روویان لە سندووقەکانی دەنگدان كرد. بە گوێرەی ئامارەکان، لە کۆی 85 ملیۆن هاووڵاتی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، 61 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە 30 ملیۆن دەنگدەر واتە نزیكەی نیوەی دەنگدەران ژنانن.

هەڵبژاردنی هەردوو دامەزراوە یاساییەی ئێران بە یەک خول بەڕێوەدەچێت، 59 هەزار بنکەی دەنگدان لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەکراون كە بۆ کردنەوەی ئەو بنکانە سوود لە قوتابخانە و مزگەوتەکان وەردەگیرێت.

کورسییەکانی پەرلەمانی ئێران لە 290 کورسی پێکهاتووە کە هەموو ناوچەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، 15 هەزار و 200 کاندید کێبڕکێی لەسەر دەکەن.

لەكاتێكدا ژمارەی دەنگدەرانی ژن نزیكە لە نیوەی كۆی دەنگدەران، بەڵام بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، رێژەی کاندیدانی ژن تەنیا 12%ـە. هەروەها لەکۆی 290 پەرلەمانتاری ئێستا تەنیا 16 پەرلەمانتار ژنن.

لە هەمان رۆژدا، 88 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری به دەنگدانی راستەوخۆ بۆ ماوەی هەشت ساڵ هەڵدەبژێردرێن. 144 کاندید خۆیان بۆ ئەم ئەنجوومەنە کاندید کردووە کە سەرجەمیان پیاون. ئەم ئەنجوومەنە دەسەڵاتی گۆڕین و متمانەبەخشینی بە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە کە  بەرزترین دەسەڵاتی سیاسی وڵاتەکەیە.

كەمترین رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020 بوو کە 42%ـی دەنگدەران بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد، کە ئەمەش بە کەمترین رێژە دادەندرێت لە ماوەی دروستبوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران.

چاودێرانی دۆخی ناوخۆیی ئێران ئاماژە بەوەدەکەن، ساردترین هەڵبژاردنی هەموو تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. چاوەڕێ دەکرێت لەم هەڵبژاردنەدا کەمترین رێژەی بەشداریی هاووڵاتییان تۆماربکرێت. بۆ یەکەمجار سەدان کەسایەتیی سیاسیی ریفۆرمخواز لەنێو ئێرانەوە رایانگەیاندووە لە هەڵبژاردندا بەشدار نابن لەبەرئەوەی هیچ هیوایەکیان بۆ گۆڕان نەماوە. ئەم نیگەرانییانە تەنانەت لە لێدوانەکانی کاندیدە بناژۆخوازە توندڕەوەکانیشدا رەنگدانەوەی هەبووە.