فلۆرێنتینۆ پێرێز هێڵێكی تۆقێنەری یەدەگ ئامادە دەكات

فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی یانەی ریال مەدرید
فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی یانەی ریال مەدرید

لەگەڵ نزیكبوونەوە لە هاوینی داهاتوو، بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بەرەو گەرمبوون دەچێت، زۆربەی چاوەكانیش لەسەر ریال مەدریدە، خەریكە چارەنووسی كلیان ئێمباپێ لە بەرژەوەندی ریال مەدرید یەكلایی دەبێتەوە، بەڵام پێدەچێت هاوشانی ئێمباپێ، 6 ئەستێرەی دیكەش رووبكەنە ئەو یانەیە.
لەم ساڵانەی دواییدا فلۆرێنتینۆ پێریز سەرۆكی یانەی ریال مەدرید نەخشەیەكی نوێی بۆ داهاتووی ریال مەدرید داڕشتووە، گرینگییەكی زۆر بە یاریزانە لاوەكان دەدات و دەیەوێت زۆرترین ئەستێرەی لاو لەسەر كورسی یەدەگ كۆبكاتەوە، بۆ ئەوەی لە داهاتوو لە پێكهاتەی سەرەكی یانەكە بدرەوشێنەوە.
پێرێز لەم ساڵانەدا پشتی لە یاریزانی سووپەرستار و گرانبەها كردووە، لە بەرامبەردا چەندان ئەستێرەی لاوی گواستووەتەوە، لەوانە ئاردا گولەر، رۆدریگۆ، كاماڤینگا، چوامینی و ئەندریك، جگە داڤید ئالابا و خۆسێلۆ، بەڵام ئەم دوو یاریزانە تەنیا بۆ ئەم قۆناغە ریال مەدرید پشتیان پێدەبەستێت و بەشێك نین لە نێو ئەو نەخشەیەی ئێستا پێرێز كاری لەسەر دەكات.
بە گوێرەی میدیاییەكانی ئیسپانیا، ریال مەدرید هاوشانی كلیان ئێمباپێ دەیەوێت هاوینی داهاتوو 6 ئەستێرەی دیكە بگوازێتەوە.

ئەلفۆنسۆ دێیڤز بەرگریكاری كەنەدی یانەی بایرن میونشن
ئەلفۆنسۆ دێیڤز بەرگریكاری كەنەدی یانەی بایرن میونشن

 

یەكەم: ئەلفۆنسۆ دێیڤز
ئەم بەرگریكارە كەنەدییە تەمەن 23 ساڵییە لە لایەكانی چەپی یانەی بایرن میونشن یاریی دەكات، لەمێژە سەرنجی ریال مەدریدی بەلای خۆیدا راكێشاوە و گرێبەستەكەشی لە هاوینی 2025 كۆتایی دێت، ریال مەدرید ئۆفەرێكی بۆ ئامادە كردووە، بایرن میونشن ناچارە ڕەتی نەكاتەوە، چونكە ئەگەر ئەم هاوینە نەیفرۆشێت، هاوینی دواتر بەخۆڕایی دەبێت دەستبەرداری بێت.

ئێندریك هێرشبەری بەرازیلی داهاتووی ریال مەدرید
ئێندریك هێرشبەری بەرازیلی داهاتووی ریال مەدرید

 

دووەم: ئەندریك
ئەم هێرشبەرە لاوە تەمەن 17 ساڵییەی یانەی پاڵمیراس لە گواستنەوەی زستانە گرێبەستێكی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ كردووە، بەپێی ناوەڕۆكی گرێبەستەكە دەبێت لە هاوینی ئەمساڵ خولی بەرازیلی جێبهێڵێت و پەیوەندی بە ریال مەدرید دەكات، هەرچەندە كارگێری پاڵمێراس دەیانەوێت لەگەڵ ریال مەدرید رێكبكەون بۆ ئەوەی ئەم یاریزانە بۆ 6 مانگی دیكەش لە 2025 لەگەڵ یانەكەیان بەردەوام بێت، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەم لاوە بەرازیلییە بەهۆی ئاستبەرزییەوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی یەكەمی بەرازیلیش كراوە. 

 

ئەندریە كامبیاسۆ یاریزانی یوڤێنتۆس
ئەندریە كامبیاسۆ یاریزانی یوڤێنتۆس

 

سێیەم: ئەندرییە كامبیاسۆ
ئەم بەرگریكارە چەپانە تەمەنی 24 ساڵە و یاریی بۆ یوڤێنتۆسی ئیتاڵیا دەكات، یاریزانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیاشە، ئەگەرچی گرێبەستەكەی لە 2027 لەگەڵ یانەی خانمە پیرەكە كۆتایی دێت، بەڵام ریال مەدرید بە نیازە پارەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە كە لە نێوان 40 بۆ 50 ملیۆن یۆرۆ بداتە یوڤێنتۆس و بەرەو سانتیاگۆ بێرنابیۆ بیگوازێتەوە.

لینی یۆرۆ یاریزانی لاوی یانەی لیلی فەرەنسا
لینی یۆرۆ یاریزانی لاوی یانەی لیلی فەرەنسا

 

چوارەم: لینی یۆرۆ
ئەم یاریزانە لاوە 18 ساڵییە لە دڵی بەرگری یانەی لیلی فەرەنسا یاریی دەكات، بە ڕەسەن كۆتدیڤوارییە، بەڵام یاریی بۆ هەڵبژاردەی لاوانی فەرەنسا دەكات، ریال مەدرید یانەی لیلی ناچار كردووە گوێ بۆ ئۆفەرەكەی شل بكات، چونكە ئەگەر لەم هاوینە نەیفرۆشێت، دەبێت لە هاوینی 2025 بە گرێبەستێكی ئازاد دەستبەرداری بن.

ئیسیان ئێمباپێ و كلیان ئێمباپێ
ئیسیان ئێمباپێ و كلیان ئێمباپێ

 

پێنجەم: ئیسیان ئێمباپێ
ریال مەدرید لە هەموان زیاتر بۆ گواستنەوەی ئەم ناوەراستكارە لاوە سوورە، چونكە برای كلیان ئێمباپێیە و داهاتووییەكی گەش چاوەڕێی دەكات، ئەگەرچی تەمەنی 17 ساڵە و یاریی بۆ تیپی لاوانی پاریس سانجێرمان دەكات، بەڵام سەرنجی زۆرێك لە یانە گەورەكانی ئەورووپای كەوتووەتە سەر، هاوكات خانەوادەی ئەو یاریزانەش ئارەزووی ئەوە دەكەن ئەو دووبرایە بەیەكەوە درێسە سپییەكەی ریال مەدرید بپۆشن. رەنگە گواستنەوەی ئیسیانیش زۆر قورس نەبێت، چونكە لە هاوینی ئەمساڵ هاوشانی كلیان ئێمباپێی برای گرێبەستەكەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان كۆتایی دێت.
بە گوێرەی سەرچاوەكانی راگەیاندنی ئیسپانیا، فلۆرێنتینۆ پێرێز لەبارەی گواستنەوەی ئیسیان قسەی لەگەڵ فایزە عەماری دایكی كردووە و رێككەوتنێكی سەرەتایی روویداوە كە ئەو یاریزانە پەیوەندی بە تیپی كاستیای ریال مەدرید بكات و لە داهاتووش دەرفەتی ئەوەی بۆ دەڕەخسێنن پێگەیەكی بەهێز لە ریال مەدرید جێگیر بكات.

خوان سانچێز لە نێوان دوو یاریزانی بارسێلۆنا
خوان سانچێز لە نێوان دوو یاریزانی بارسێلۆنا

 

شەشەم: خوان لویس سانچێز
ئەم بەرگریكارە تەمەن 20 ساڵەی یانەی سێڤییا لە لای راست یاریی یانە ئەندەلوسییەكە یاریی دەكات، گرێبەستەكەی لە 2026 لەگەڵ یانەكەی كۆتایی دێت، ریال مەدرید دەیەوێت ئەم یاریزانە بكاتە شوێنگرەوەی دانی كارڤاخاڵی تەمەن 32 ساڵ، جگە لەوەش بۆ شوێنگرەوەی لوكاس ڤاسكێزیش سوودی دەبێت كە ئێستا تەمەنی گەیشتووەتە 33 ساڵ.
سانچێز ئێستا نرخی لە بۆرسەی یاریزانان تەنیا 9 ملیۆن یۆرۆیە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەشی خوار 20 ملیۆن یۆرۆیە.