یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کورتەباڵایان دروست دەکرێت

K24 – سلێمانی:

بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، بە تایبەت کورتەباڵاکان یەکەى نیشتەجێبوونیان بۆ دروست دەکرێت. سەرۆکى کۆمەڵەى کورتەباڵاکان دەڵێت: حکومەتى هەرێم لەم پڕۆژەدا زۆر هاوکاری کردوون و لە کۆى 32 پڕۆژە پێش هەموویان رەزامەندیان لەسەر پڕۆژەکەى ئەوان داوە.

دڵشاد وەهاب، خاوەن پێداویستى تایبەت، بە کوردستان24ـی راگەیاند، یەکێکم لەوانەی کە کرێنشینم ژیانی هاوسەریم پێکهێناوە خاوەنی دوو منداڵم ئەوەشی کە هەمە رۆژانە دەتوانین بیدەین بە خواردنی رۆژانە و ئەوەی کە مانگانەش وەک کارمەندێک وەریدەگرین 80%ـی دەدرێت بە کرێنشینی، لەبەر ئەوەی کە کرێچیم.

ئەو خاوەن پێداویستی تایبەتە باسی لەوەکرد، لە دوای راگەیاندنی ئەم پڕۆژەیە و یەکەی نیشتەجێبوونە کرێچییەکی وەکو من و دەیانی وەکو من دڵخۆشن بەم یەکە نیشتەجێبوونانە.

لەکۆى 865 یەکەى نیشتەجێبوون لەم پڕۆژەیە 250 یەکەى بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانە بە تایبەت ئەوانەى کورتەباڵان، هەرکەسێک کە داواى یەکەکە دەکات دەبێت هیچى دیکەى بەناوەوە نەبێت و فۆڕمێک پڕ بکاتەوە کە پێشەکى تەنها 5 هەزار دۆلارە و مانگانەى 125هەزار دینارە، کە رەنگە تا تەواوبوونى یەکەکان کە ساڵێکى دیکە تەواو دەبێت هیچ پارەیەکی مانگانە وەرنەگیرێت.

لای خۆیەوە عومەر جەبار، سەرۆکى کۆمەڵەى کورتەباڵاکان بە کوردستان24ـی گوت: ئەم بڕیارە زۆر گرنگ بوو بەڕاستی ڕێزێکی گەورەیان لە ئێمە گرت، لەو 32 پڕۆژەیە ئێمەیان پێشخست، ئێمە هەست دەکەین ئێستا بەڕاستی حکومەتەکەمان حکومەتێکی باشە و رێز لە خاوەن پێداویستی تایبەتەکان دەگرێت.

ئەمە یەکەم جارە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسانی کورتەباڵا دروست دەکرێت، ئەوان زۆر دڵخۆشن کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی ئەم خزمەتە پێشکەش بەوان بکات و کارئاسانی زۆریشیان بۆ بکات لە پێدانی پێشەکییەکی کەم و هاوکات قیستی مانگانەی زۆر کەمیشیان لێ وەردەگیرێت.