فوئاد حوسێن: هەولێر و بەغدا لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت رێککەوتوون

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر:

وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاشکرایکرد، مانگی داهاتوو شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق بۆ مەبەستی قسەکردن لەسەر پەکەکە، کێشەی ئاو، رێگەی گەشەپێدان و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان سەردانی ئەنقەرە دەکات. ئاماژەی بەوەدا، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان چەند وردەکارییەکی کەمی ماوە و دووبارە دەستپێدەکاتەوە.

فوئاد حوسین، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئێستا بەمەبەستی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتاڵیا لە تورکیایە لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی "سی ئێن ئێن"ـی تورک ئاماژەی بە دۆسیە گرنگەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و عێراق دا.

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، مانگی داهاتوو شاندێکی باڵای حکومەتی عێراق بۆ مەبەستی قسەکردن لەسەر پەکەکە، کێشەی ئاو، رێگەی گەشەپێدان و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان سەردانی ئەنقەرە دەکات.

فوئاد حوسێن، لەبارەی پەکەکەوە ئاشکرایکرد، پەکەکە بووەتە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا، گوتیشی: پێویستە حکومەتی عێراق رێگە لە مانەوەی پەکەکە لەسەر خاکەکەی نەدات.

وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەشکرد، پەکەکە لە عێراق خاوەن پارتی سیاسی و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنین، چەند روویەکی جیاوازیان هەیە و دۆخەکە لەگەڵ تورکیا جیاوازە، بۆیە بوونەتە کێشە.

لەبارەی گرژییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، فوئاد حوسێن رایگەیاند، پەیوەندیی نێوان یەکێتی و تورکیا باش بوون، بەڵام ئێسا وانییە و پێویستە کێشەکانی نێوان یەکێتی و تورکیا چارەسەر بکرێن.

وەزیری دەرەوەی عێراق، جەختی لەوە کردەوە، پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان بۆ عێراق و تورکیا زۆر گرنگە و لەو رێگەیەوە تورکیا، عێراق و کەنداو بەیەک دەبەسترێنەوە.

فوئاد حوسێن، لەبارەی دەسپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان گوتی: هەولێر و بەغدا رێککەوتوون، هەندێک وردەکاری ماوە، لە ماوەیەکی نزیک هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکات.

لەبارەی رێکەوتی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە مانگی نیسان پێشوازیی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەین.