دادگای فیدراڵی لەرێگەی دوو نووسراوی فەرمییەوە کار بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد دەکات

باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق
باڵەخانەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق

K24 - هەولێر

دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق لە رێگەی دوو نووسراوی فەرمییەوە کە ئارستەی ئەنجوومەنی وەزیران، پەرلەمانی عێراق و چەند دامەزراوەیەکی دیکەی کردووە، کار بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان دەکات. رۆژنامەیەکیش دەڵێت، "بەغدا بووەتە گۆڕەپانی تیرۆرکردن".

دوای ئەوەی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانییەتیی نێودەوڵەتی راگرت؛ ماوەی چەند هەفتەیەکە دەستیانکردووە بە هەڵمەتی ترساندن و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان و، هەوڵی تیرۆرکردنیان دەدەن. بۆ ئەم مەبەستە دادگای فیدڕاڵی بەکاردێنن بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانیان.

 دوو نووسراوی دادگای فیدڕاڵی ئاشکرادەبن کە 18ی مانگی رابردوو یەکێکیانی ئاراستەی سەرۆککۆمار و، ئەوەی دیکەی ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کردووە بەمەبەستی گرتنەبەری رێکاری پێویست و، کپکردنی دەنگی رۆژنامەنووسان و میدیاکانی دەنگی ئازاد کە دادگاکە رەخنەگران لە گەندەڵی و بەرپرسانی گەندەڵ وەکو تەشهیرکردن پێیان ناوزەد دەکات.

 لە هەردوو نووسراوەکەدا جاسم محەمەد عەبوودی، سەرۆکی دادگاکە بە ئاماژەدان بە چەند رۆژنامەنووسێک و چالاکوانی مەدەنی عێراقی کە کار لەسەر دۆسییەکانی گەندەڵی دەکەن، جەختی لەوە کردووەتەوە کە لەمەودوا هەر کەسێک دژی دامەزراوەکانی دەوڵەت یان بەرپرسان بنووسێت رێکاری یاسایی بەپێی ماددەی 226 لە یاسای سزادان لەدژی دەگیرێتەبەر، کە ئەم یاسایە لەسەردەمی رژێمی پێشوو بۆ کپکردنی دەنگی ئازاد دەرکراوە و، بەپێی یاساکە سکاڵالێکراو سزا دەدرێت بە حەوت ساڵ زیندانیکردن یان سزای پێبژاردن.

دوای ئەم دوو نوسراوەی دادگای فیدڕاڵی؛ لە ماوەی دوو هەفتەدا هەڕەشە لە چەند رۆژنامەنووسێک کراوە. لە 22ی مانگی رابردوو فەخری کەریم، سەرۆکی دەزگای ئەلمەدا بۆ راگەیاندن و رۆشنبیری و هوونەر لە ناوچەی قادسیە لە بەغدا لە هەوڵێکی تیرۆرکردن رزگاری بوو، کە لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراو هێرشی کرایە سەر.

 هەروەها رۆژی 26ی شوبات یاسر جبووری، رۆژنامەنووس و لێکۆڵەر لە دۆسییەکانی گەندەڵی بەبێ فەرمانی دادوەر لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستگیرکرا و دوای دەستگیرکردنی بەماددەی 226 لە یاسای سزادان، پەڕاوی بۆ کرایەوە. لەسەر ئەو رووداوانە  غسان چەربل، سەرنووسەری رۆژنامەی شەرقولئەوسەت نووسیویەتی: "بەغدا بووەتە گۆڕەپانی تیرۆرکردن".

لەوبارەیەوە پێگەی "زە واشنتن ئینستییت فۆ نێیر پۆڵیسی" بڵاویکردووەتەوە، میلیشیاکان ئەمجارە لەجیاتی ئەوەی هێرشبکەنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا گڵۆپی سەوزیان بۆ پێکراوە کە شەڕی هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکەن کە دژی دەسەڵاتی میلیشیاکانن لە عێراق. پێگەکە نووسیویەتی: سوپای ئەمەریکا دەتوانێت بەهۆی چەکەکانیەوە خۆی بپارێزێت، بەڵام رەخنەگران و رۆژنامەنووسان دەبێت لەلایەن ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانەوە بەرگریان لێ بکرێت.

 

یەکێک لە نووسراوەکانی دادگای فیدراڵی
یەکێک لە نووسراوەکانی دادگای فیدراڵی
یەکێکی دیکە لە نووسراوەکانی دادگای فیدراڵی
یەکێکی دیکە لە نووسراوەکانی دادگای فیدراڵی