دیوێکی دیکەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ ئەمەریکا

Kurd24

 

لە نێو ئەو گێژاوەی کە ئێستا جیهان و بەتایبەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێیکەوتووە، هەڕەشە و مەترسی  لەلایەن بەغدا و وڵاتانی دراوسێ لەسەر هەرێمی کوردستان زیادی كردووە، سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا و پێشوازیی گەرمی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لێی، دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە پشتگیری کردنی هەرێم و قەوارە دەستوورییەکەیەتی کە بەلای ئەمەریکاوە جێگای بایەخە، ئەمەش دەرخەری سیاسەتی راست و دروست و مامەڵەکردنی سەرۆکی حكومەتە لەگەڵ جیهاندا.

وردبوونەوە لە پەیامی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەڕووی دەسەڵاتدارانی بەغدا و دراوسێیەکانی هەرێمی کوردستان خۆی لە چەند تەوەرێک دەبینێتەوە.

ئەمەریکا پاڵپشتی هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستورییەكەیەتی كە دەبێت بەغدا بەگوێرەی دەستوور مافە داراییەکانی گەلی کورد بدات.

 هەروەها بەغدا لەگەڵ هەرێم بە زووترین کات دەست بکەنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.

ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە هاوكاریی و رێكخستن و پشتیوانی هێزەکانی پێشمەرگە، دەیەوێت كورد لە نێو خۆیدا یەکڕیز بێت، بۆ دراوسێیەکانی هەرێمیش بەتایبەتی ئێران پەیامێکە کە ئێمە لە پشتی هەرێمی کوردستانین.

جیا لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، کۆبوونەوە لەگەڵ هەردوو سێناتۆر جاک رید، سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا و سیناتۆر رۆجەر ویکر، ئەندامی باڵای لیژنەی هێزە چەکدارەکان و ئامادەیی وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو شاندەدا، ئەو راستییە دەردەخات کە سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکانی لە ئاستێکی باڵادایە و بە دەستکەوتەوە دەگەڕێتەوە.

هەروەها دیداریان لەگەڵ چەند سیناتۆرێکی دیکە کە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا کار دەکەن، دڵنیام وەکو کوردەواری دەڵێت “هەمبانەکەی پڕ دەبێت”، ئەوانیش بەڵێنی پاراستنی گەلی کوردستان و قەوارە دەستوورێکەی هەرێمیان دەربڕیوە.

بێگومان پاڵپشتی نەک تەنیا لە ناو حکومەتی ئەمەریکا، بەڵکو لەناو  ئەندامانی ئەنجومەنی پیران و کۆنگرێس بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە و کاتێک پڕۆژە یاسایەک لە ئەنجوومەنی پیران و کۆنگرێس لە بەرژەوەندی کورد دەردەچێت ئەوان پاڵپشتی بکەن.

ئەمریکییەکان لە نزیکەوە بینینییان و روونکردنەوەی ئەو راستییانەی کە دەربارەی هەرێمی کوردستان هەیە، کاریگەری لە پڕۆژە و بڕیارەکانی ئەمەریکا دەبێت، ڕەنگدانەوەی زۆری لەنێو سیاسەتی حکومەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە عێراق و ناوچەکە دەبێت.

چەند بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەردەوامیی پاڵپشتیی ئەمەریکا گرنگە بێگومان هەرێمی کوردستان و قەوارەکەی و جێگای بایەخە بێگومانیشم شاندی باڵای كوردستان لەسەر ئاستی بەرژوەندی هاوبەش کاریان کردووە تا هەردوو لایەن سوود بەیەکە بگەیەنن، چونکە بەلای ئەمەریکاوە شوێنی جوگرافی و بوونی دۆستێک کە باوەڕ پێکراو بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر گرنگە.

دڵنیام ئەم چاوپێکەوتن و دیدارانەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامی زۆر باش و ئەرێنی دەبێت و کاریگەری خۆی دەبێت لە داواكردنی پاڵپشتی ئەمەریكا بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێم و مافی پێکهاتەکان و دووپاتکردنی مافی بودجە و مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت کە ئەمەریکا پشتیوانی لە هەناردەکردنەوەی دەکات، سیاسەتی ئەمەریکا و دید و بۆچوونی ئەمەریکا بەڕێژەیەكی باش دەگۆڕێت چونكە سەرۆكوەزیران دەوڵەتمەدارانە هەنگاوی ناوە، بۆیە دادگایی فیدراڵی تەنگاو بووە یەک لەسەر یەک بڕیار لەدژی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی دەردەكات.