فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل سەرکردەیەکی حزبوڵڵای لوبنانی کردە ئامانج

دیمەنی ئەو ئۆتۆمبێلەی فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان کردیانە ئامانج
دیمەنی ئەو ئۆتۆمبێلەی فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان کردیانە ئامانج

K24 – هەولێر

فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ناوچەی ناقورەی باشووری لوبنان، کە هێزەکانی ئاشتی پارێزی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیفێل)ی تێدا جێگرە، ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج و گومان دەکرێت یەکێک لە کوژراوەکانی بەرپرسێکی باڵی سەربازی خوبوڵڵا بێت.

میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردووە، لە هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (2ی ئاداری 2024) لە باشووری لوبنان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ئۆتۆمبێلێکیان کردووەتە ئامانج و بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان سێ کەسی تێدا کوژراوە، کە ئەندامی حزبوڵڵای لوبنانن، بەڵام تەنیا یەکێک لە تەرمەکان، کە بە تەواوی سووتاوە و ناناسرێتەوە، گەیەنراوەتە نەخۆشخانەیەکی ناوچەکە و گومان دەکرێت بەرپرسێکی باڵای چەکدارانی حزبوڵڵا بێت.

لە هەفتەکانی رابردووەوە، سوپای ئیسرائیل لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان، هێرشە ئاسمانیی و مووشەکییەکانی لە ناوچە سنوورییەکان زیاترکردووە، بە تایبەت لە چاودێریکردنی سەرکردە چەکدارییەکانی حزبوڵڵای لوبنان لە باشووری ئەو وڵاتە و لە خاکی سووریا ئامانجگرتنیان.

هەروەها ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە حزبوڵڵای لوبنان 19 جار خاکی ئیسرئیلی بە ئامانج گرتووەو بەهۆیەوە 9 سەرباز و زیاتر لە شە هاووڵاتیی مەدەنی ئیسرائیل کوژراون، هەروەها سوپای ئیسرائیل لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕیان لەگەڵ چەکدارانی حەماس تاوەکوو ئێستا لە هێرشەکاندا 236 کەسیان لە باشووری لوبنان کوشتووە، لە نێویاندا 175یان ئەندامانی حزبوڵڵا ببون.