تومەنی ئێرانی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی دابه‌زی

K24 – هەولێر

تەنیا دوای یەک رۆژ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی شورای کۆماری ئیسلامی ئێران (پەرلەمانی ئێران)، جارێکی دیکە بەهای تومەنی ئێرانی بەرانبەر بە دراوەکانی دیکە داکەوت و بە تایبەت بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی هاڕەی کرد.

بەگوێرەی چاودێرییەکانی بازاڕی دراوە بیانییەکان تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، تومەنی ئێرانی بڕی دوو هەزار تومەن بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریکی داکەوتنی بەخۆوە بینیوەو بەهای لەدەستداوە و 100 دۆلاری ئەمەریکی بەرانبەرە بە شەش ملیۆن تومەنی ئێرانی، هەروەها هەزار دیناری عێراقی بەرانبەرە بە 45 هەزار تومەن.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی بازاڕی دراوە بیانییەکان، چاوەڕوان دەکرێت دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنە گشتییەکانی ئێران، جارێکی دیکە تومەنی ئێرانی داکەوتنی زیاتر بەخۆوە ببینێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە قەیرانی دارایی و گرانی بازاڕو بێکاری تەنگی بە دانیشتوانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵچنیوە.

دوێنێ هەینی (1ی ئایاری 2024) هەڵبژاردنی 13یەمین خولی ئەنجومەنی شورای کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو، کە زیاتر لە 61 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئێران دوێنێ 41% لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشداری دەنگدان و هەڵبژاردن بوون، پشیبینیش دەکرێت پێکهێنانی پەرلەمان و حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە بکەوێتە دوای جەژنی نەورۆز، کە هاوکاتە لەگەڵ سەری ساڵی نوێی ئەو وڵاتە، ساڵانەش لەگەڵ نوێ بوونەوەی ساڵ بەرهەم و کەلوپەلە خۆراکیی و پێویستییەکانی دیکە نرخیان بە گشتی بەرز دەبێتەوە.