لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا فڕۆکە بۆ میوانان بەکرێ دەگیرێت

K24 - هەولێر

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، ملیاردێری هیندی، 'موکیش ئەمبانی' بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری کوڕەکەی لە هیندستان، فڕۆکەی بۆ گەورە بازرگانان و کەسایەتییە ناودارەکان بەکرێ گرتووە، هەروەها گۆرانیبێژ رەیهانا نمایشێکی هونەری دەکات، و رێنمایی دەدەنە سەردانیکەران بۆ لەبەرکردنی جل و بەرگی " تای دارستان" لەکاتی سەردانیکردنیان بۆ ناوەندێکی رزگارکردنی ئاژەڵان.

ئەو بۆنەیەی ئێستا کە بووەتە جێگای سەرسوڕمانی هیندستان، کەمپێکی سێ رۆژەیە پیش هاوسەرگیری کوڕە بچووکەکەی ئەنانت ئەمبانی کە تەمەنی 28 ساڵە و بڕیارە هاوسەرگیری لەگەڵ خۆشەویستەکەی رادیکا میرشانت، تەمەن 29 ساڵ بکات.

کەمپەکە لە رۆژی هەینی دەستپێدەکات، 1200 میوان وەردەگرێت، کەمپەکە لە شارۆچکەیەکی جامناگار بەڕێوەدەچێت، کە نزیکە لە پاڵاوگەی سەرەکی نەوتی کۆمپانیای ریلایانس لە ویلایەتی گوجاراتی رۆژئاوا.

ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە تا مانگی تەمموزی داهاتوو ئەنجام نادرێت، بەڵام ئاهەنگەکان بۆ ئەو بۆنەیە کە زۆر چاوەڕوان دەکرا لە رۆژی چوارشەممەوە دەستیپێکردووە، کاتێک ئانانت و بووکەکە میوانداری ئێوارەخوانێکی بەکۆمەڵیان بۆ گوندنشینانی ناوچەکە کردووە کە 51 هەزار کەس بەشدارییان تێدا کردووە.

جگە لە ریهانا، ئەستێرەی میوزیکی پۆپ، ریزم و بلوز بەشدارن، هەروەها جادووگەری ئەمەریکی دەیڤید بلەین نمایش دەکات، هاوکات ئاهەنگی نەریتی لە کۆمەڵگەی پەرستگاکەدا بەڕێوەدەچێت.

دوو سەرچاوەی ئاگاداری پلانەکە رایانگەیاندووە، ئاهەنگی پێش هاوسەرگیری ئەنانت، هەریەک لە بیل گەیتس، مارک زوکەربێرگ، گۆتام ئادانی و کومار مانگالام بیرلا، ملیاردێرە هیندییە هاورێکانی و زۆرێک لە یاریزانانی کریکێت و ئەستێرەی سینەمایی بۆلیوود وەک شاروخان و سەلمان خان ئامادەبن.

ئەمبانی لە ساڵی 2018دا لەگەڵ ئاهەنگی هاوسەرگیری ئیشای کچەکەی بووە مانشێتی رۆژنامەکان، کە هەندێک بە لوتکەی مینی داڤۆس وەسفیان کردووە، کە وەزیرانی دەرەوەی پێشووی ئەمەریکا هیلاری کلینتۆن و جۆن کێری لەگەڵ ئەستێرەکانی بۆلیوود بەشداری ئاهەنگەکەیان کردووە.

میوانانی ئاهەنگەکانی ئەنانت ئەمبانی نزیکەی 500 خواردن کە لەلایەن نزیکەی 100 چێشتلێنەرەوە ئامادەکراوە پێشکەش بە میوانان دەکرێت.

 میوانە بانگهێشتکراوەکان سەردانی ناوەندێکی رزگارکردن دەکەن، کە کۆمپانیای ریلاینس دەڵێت: "شوێنی زیاتر لە دوو هەزار ئاژەڵە و یەکێکە لە گەورەترین نەخۆشخانەکانی فیل لە جیهاندا، کە میوانەکان ئامۆژگاری دەکرێن جل و بەرگێک لەبەر بکەن کە لەسەر شێوەی ئاژەڵە یان کراسی هاوایی لەبەر بکەن".

 گەشتی فڕۆکە بەکرێگیراوەکان لە نێوان نیودەلهی و مومبای بەردەستە، بەڵام داوا لە میوانەکان کراوە بۆ هاوسەرەکان تەنیا دوو یان سێ جانتا لەگەڵ خۆیان بێنن، هۆشداریش دەدرێت ئەگەر زیاتر بهێنن هیچ گەرەنتییەک نییە کە بە هەمان فڕۆکە گەشت بگات.

موکیش ئەمبانی، سەرۆکی گروپی "ریلاینس"ـی هیدنستان و یەکێکە لە دەوڵەمەندترین پیاوی ئاسیا، سامانەکەی 114 ملیار دۆلارە.