تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن "بازرگانی و وەبەرهێنان" بوو

بەشێک لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە واشنتن
بەشێک لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە واشنتن

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە سەرجەم دیدار و کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی، گرنگییەکی زۆری بە پرسی ئابووری و وەبەرهێنان داوە و هانی کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ئەمەریکییەکانی دا بێنە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن.

"وەرن سەردانی وڵاتەکەم بکەن و وەبەرهێنانی تێدا بکەن".. ئەمە بەشێک لە گوتەکانی سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی بوو بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ئەمه‌ریکا.

هەرێمی کوردستان لە دیدی ئەمه‌ریکادا ناوچەیەکی گرنگی ستراتیژیی ئابوورییە و دەقی کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دامەزراوە ئابووری و بازرگانییەکانی ئەمه‌ریکا دەرخەری ئەو راستییەن.

ژووری بارزگانیی ئەمه‌ریکا وەکو گەورەترین دامەزراوەی بازرگانی لە جیهاندا گرنگییەکی زۆر بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات. ستیڤ لووتس، جێگری سەرۆكی ژووریی بازرگانیی ئەمه‌ریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك رایگەیاند، شانازی دەكەن بەوەی کە توانییانە لە ساڵانی رابردوودا چەندین شاندی بازرگانی بهێننە هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنانی تێدا بکەن.

ستیڤ لووتس لە قسەکانیدا باسی لەوە کرد، "ژووریی بازرگانیی ئەمەریكا گەورەترین رێكخراوی بازرگانییە لە هەموو جیهان. نوێنەرایەتیی بەرژەوەندییەكانی نزیكەی سێ ملیۆن كۆمپانیای ئەمەریكی دەكەین. لەگەڵ حكومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان كاردەكەین بۆ هەڵگرتنی ئەو بەربەستانەی کە دێنە بەردەم پەیوەندییە بازرگانیەكانمان. هەروەها شانازی دەكەین کە توانیومانە لە ساڵانی رابردوو چەندین شاندی بازرگانی ببەینە هەرێمی كوردستان".

کۆبوونەوە چڕ و پڕەکانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەمەریکا و خواستی بۆ راکێشانی دەستی کاری ئەمەریکی بۆ کوردستان، سەرنجی زۆرێک لە شارەزایان و پسپۆڕانی ئابووری بەلای خۆییدا راکێشاوە و بڕوایان وایە هەرێمی کوردستان باشترین ناوچەیە بۆ کاری وەبەرهێنان و بازرگانی لە سنووری عێراقدا.

ماتیو زەیس، پسپۆڕی وزە و بەرپرسی پێشووی دێسکی عێراق و کوردستان لە کۆشكی سپی گوتی: "بڕوام وایە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی واشنتنی کرد، چونکە ئێستا کاتی ئەوەیە ئەمەریکا پابەندی بەردەوامی خۆی نیشانبدات، هەروەها وەبەرهێنەرانیش پابەندی بەردەوامی خۆیان نیشان بدەن و بێنە هەرێمی کوردستان، چونکە دیارە لە عێراق باشترین شوێنە بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەکان و پێویستە ئەمە بەردەوام بێت. رۆڵێکی گرنگ هەیە بۆ ئەمەریکا بگێڕێت تا هەناردەکردنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە ماوەی هەفتەیەکدا لە واشنتن نزیکەی 15 دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا، کۆنگرێسمان، بازرگان و لێکۆڵەرەوەکان ئەنجامداوە. لەسەرجەم دیدارەکانیدا لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە، گەنجینە و بەرگری، جیاواز لە پرسە سیاسی و ستراتیژییەکان، پرسی ئابووری و وەبەرهێنانی راکێشانی زیاتری دەستی کاری ئەمەریکی بۆ هەرێمی کوردستان، بابەتێکی گەرم و گرنگی دیدار و کۆبوونەوەکانی بوون.