کەشتییە بەریتانییەکە بە هەزاران تۆن پەینی کیمیاییەوە لە دەریای سوور نقومبوو

نقومبوونی کەشتی روبیماری بەریتانیا لە دەریای سوور
نقومبوونی کەشتی روبیماری بەریتانیا لە دەریای سوور

K24 - هەولێر

کەشتی روبیماری بەریتانی دوای زیاتر لە 12 رۆژ لە پێکانی لەلایەن چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە گەروی بابولمەندەب نوقمی دەریای سوور بوو، کە هەزاران تۆن پەینی کیمیایی تێدایە و هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی ژینگەیی دەدرێت بەهۆیەوە.

ئاژانسی هەواڵی سەبەئی یەمەن لە سەر زاری شانەی قەیرانەکان بڵاویکردووە، بەهۆی کاریگەرییەکانی با و شەپۆلەکانی دەریاوە، ئێوارەی دوێنێ هەینی کەشتیی روبیمار نقومی دەریابوو. شانەکە هۆشداریداوەو نیگەرانی خۆیی لە روودانی کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی لە هەرێمە ئاوییەکانی یەمەن و دەریای سوور راگەیاندووە.

هەروەها ئاماژەیداوە، نقومبوونی کەشتییەکە پێشبینیکراو بوو، چونکە زیاتر لە 12 رۆژە لە ناوەڕاستی دەریا جێهێلدراوە و هیچ لایەنێکیش وەڵامی حکومەتی یەمەنی نەداوە، کە دۆخەکە مەترسیدارە و ئەگەر کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دەکرێت.

کەشتی روبیمار بە ئاڵای بلیز، کە خاوەندارێتییەکەی بۆ بەریتانیا دەگەڕێتەوە، نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر لە گەروی بابولمەندەب لەلایەن حوسییەکانی یەمەن بە ئامانجگیراو تێکشکا، لەبارەی تیمی کەشتییەکە ئاژانسی رۆیتەر ئاشكرایکردووە، کە تیمەکانی کەشتی روبیمار لەلایەن کەشتییەکی دیکەی بازرگانی رزگارکراون.

هەروەها شەش رۆژ دوای پێکانی کەشتی روبیمار، ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا ناسراو بە سێنتکۆم رایگەیاندبوو، بەهۆی لێچوونی سووتەمەنی کەشتییەکەوە پانتاییەک بە رووبەری 29 کیلۆمەتر لە دەریای سوور پیسبووە، ئەمەش مەترسییەکی ژینگەییە.

لەدوای چڕبوونەوەی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر چەکدارانی حەماس و کەرتی غەززە، چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور و عەرەب و هەرێمە ئاوییەکانی یەمەن هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان دەست پێکرد بە ناوی لێدان لە بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی ئیسرائیل و وڵاتە هاوپەیمانەکانی، هەرچەندە هێزەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا رۆژانە پێگەو بنکەکانی چەکدارنی حوسی دەکەنە ئامانج، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لە زامنکردنی ئاسایی دەریای سوور و بنەبڕکردنی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان.