فەلاح مستەفا: تورکیا ئامادەیە نەوتی کوردستان هەناردەبکاتەوە

فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە
فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە

K24 - هەولێر 

یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە، وادەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەردۆغان بۆ هەولێر و بەغدا ئاشکرادەکات. دەشڵێت، "تورکیا ئامادەیە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بکات".

ئەمڕۆ شەممە، 02-03-2024، فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا؛ باسی لە سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هەولێر و بەغدا و، دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد.

سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان

یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە گوتی، "بڕیار وایە لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هەولێر و بەغدا ئەنجام بدرێت".

وەکو ئەوەی فەلاح مستەفا باسی کرد،  ئەوان وەکو هەرێمی کوردستان "خۆشحاڵین بە سەردانەکە، چونکە هاوکار دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق بە شێوەیەکی گشتی و هەروەها هەرێمی کوردستان بە تایبەتی".

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 06-02-2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە کۆتایی ئاداری ئەمساڵ سەردانی عێراق دەکات.

ئەم سەردانەی ئەردۆغان بۆ بەغدا دەبێتە یەکەم سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا لەوەتی سەردانەکەی تورگوت ئۆزال لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، هەرچەندە لە ساڵانی 2008، 2009 و 2011، ئەردۆغان وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی بەغدای کرد لەوکاتەشدا نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆری بەندەری جەیهانی تورکیاوە؛ بە گوتەی فەلاح مستەفا، "ئێستا تورکیا ئامادەیە دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکاتەوە، بەڵام ئەم پرسە زیاتر لەگەڵ بەغدا ماوە".

یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "هەر کاتێک هەولێر و بەغدا گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان (لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە) دەستپێدەکات".

له‌ 25ی ئاداری 2023ـەوە هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا راگیراوە. به‌غدا، هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ خه‌ریكی ئه‌نجامدانی دانووستانن بۆ دووباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان، راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم جگە لەوەی زیانی بە بودجە و ژێرخانی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، هاوکات بووەتە هۆی کەمبوونەوەی نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل لە بازاڕی وزەی جیهاندا.