تورکیا و عێراق لەچوارچێوەی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان نووسینگەی هاوبەش دەکەنەوە

ئاڵای عێراق و تورکیا
ئاڵای عێراق و تورکیا

K24 - هەولێر

وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا ڕایگەیاند، هەردوو حکومەتی تورکیا و عێراق رێککەوتنیان لەسەر کردنەوەی نووسینگەیەکی هاوبەش کردووە بۆ بەدواداچوونی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان.

ئەمڕۆ شەممە، 02-03-2024، عەبدولقادر ئورالۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فەرمیی تورکیا ڕایگەیاند، هەوڵەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق لە بواری گواستنەوە بەردەوامە، لەم چوارچێوەیەشدا، دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵات لە نزیکەوە و بە چڕی کار لەسەر ڕێگای گەشەپێدان دەکەن.

ئورالۆغڵو، ئاشکرای کرد کە رێککەوتن کراوە لەسەر کردنەوەی نووسینگەیەکی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات بۆ چاودێریکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و لە داهاتوویەکی نزیکدا هەنگاوی کرداری بەو ئاراستەیە دەگیرێتەبەر.

بە ئاماژەدان بەوەی کە ئامانجیانە مۆدێلێکی نموونەیی بۆ بەڕێوەبردنی ڕێگاکان لە ناوچەکەدا بەدی بێنن ئورالۆئۆغڵو، گوتی: "لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەکە گواستنەوە لە ناوچەکەدا ئاسانتر دەبێت".