دوای نه‌خۆش كه‌وتنی کوردستان24 لە نزیکەوە هونەرمەند خەلیل وەندی بەسەر دەکاتەوە

- ئاسۆ خەلیل وەندی: باوکم تووشی جەڵتەی مێشک هاتووە و تەندروستی جێگیرە
هونەرمەندی مەقامبێژی کورد خەلیل وەندی
هونەرمەندی مەقامبێژی کورد خەلیل وەندی

K24 - هەولێر :

هونەرمەندی مەقامبێژی کورد "خەلیل وەندی" بەشێوەیەکی کتوپڕ کەوتە نەخۆشخانه و بەپێی راپۆرتی پزیشکی تووشی جەڵتەی مێشک هاتووە و دوای وەرگرتنی چارەسەر ئێستا نەخۆشخانەی جێهێشتووه و "ئاسۆ خەلیل وەندی" کوڕه گەورەی ئەو هونەرمەندە لە بارەی تەندروستی باوکیەوە بۆ کوردستان 24 رایدەگەیەنێت، دوای مانەوەی هەفتەیەک لە نەخۆشخانە، ئێستا رۆژ لە دوای رۆژ تەندروستی بەرەو باشتر ده‌چێت.

کوردستان24 وەک یەکەم دەزگای میدیایی لە نزیکەوە هونەرمەند خەلیل وەندی بەسەرکردەوە و ماڵباتی ئەو هونەرمەندەش رووی گلەییەکانیان لە بەرپرسە هونەرییەکانی هەولێر دەکەن و دەڵێن: لە دوای هەفتەیەک مانەوە لە نەخۆشخانە و توشبوون بەو نەخۆشیە سەختە، کە بووە هۆی لەکار کەوتنی جوڵەی دەست و قاچێکی ئەو هونەرمەندە، کەچی بەرپرسانی هونەر لە هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان بەسەریان نەکردینەوە، ئەمەش نیگەرانیی لای ئێمە و باوکم دروستکردووە، چونکە ناکرێت هونەرمەندێک نیو سەدە لە خزمەت ئاواز و گۆرانی کوردی دا بێت و لە زێدی خۆی ئاوارەکرابێت لە پێناو هەڵوێستە نیشتمانییەکانی، کەچی لێی نەپرسنەوە.

هونەرمەند "خەلیل وەندی" لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە لە شارە جوانەکانی خانەقینەوە دەستی بە گۆرانی و مه‌قامات کردووە و لە سەرەتای هەشتاکانیش بە گۆرانی "بەو بەو، خۆشەویستەکەم ئارامی گیانم، هەر من پەروانەم، وەرە پێشەوە" ناو و ناوبانگێکی زۆری پەیدا کردووە، پاشان وەک مامۆستای زانکۆ بەردەوام بووە لە کارە هونەرییەکانی.

جگە لە هونەری گۆرانی و مەقاماتیش خەلیل وەندی یەکێکە لە موزیسیانە هەرە بەرچاوەکانی کورد، بەتایبەت ئەو ساڵانەی بە عودەکەی چەند پارچە ئاواز و میوزیکێکی پێشکەش بە هونەرمەندانی کەرکوک کردووە و تا بە ئەمڕۆش دەگات لە کاروانی هونەری بەردەوامە و ئێستاش چەند بەرهەمێکی نوێی ئامادەیە و بەنیازە تۆماریان بکات و دوای باشبوونی تەندروستی بڵاویان بکاتەوە.

67
6765