لە کابینەی نۆیەمدا رێژەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان کەمیکردووە

K24 – هەولێر:

پرسی ئافرەتان و کەمکردنەوەی جیاوازی ڕەگەزی و تووندوتیژییەکان یەکێک بووە لە کارە ھەرە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لەماوەی چەند ساڵی ڕبردوودا لەڕێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە یاسا و ڕێنمایی گرنگ پێشنیارکراوە بۆ کەمکردنەوەی جیاوازییە رەگەزییەکان، تووندوتیژی و گێچەڵی سێکسی.

خانزاد ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای گەشەپێدانی خانمان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بووە لە پێداچوونەوە بە یەکسانی جێندەری و ھەوڵدان بۆ یەکسانی دادپەروەرانە لە نێوان ھەردوو رەگەز.

حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا کاری کردووە لە پێناو پێداچوونەوە بە یاسا و رێنماییە تایبەتمەندەکان لە وەزارەتە جیاوازەکان لەپێناو کەمکردنەوەی جیاوازی رەگەزی لە کەرتی گشتی و تایبەتدا.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی وەزارەتە تایبەتمەندەکانەوە چەندین یاسا و رێنمایی پێشنیار کردووە لە پێناو یەکخستن و کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی جیاوازی رەگەزی و گێچەڵی سێکسی و پێداچوونەوە بە یاسای کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و تووندوتیژی خێزانی لەپێناو دابینکردنی ژیانێکی دادپەروەرانەتر.