فه‌رحان جه‌وهه‌ر: ئه‌مه‌ریكا به‌و باوه‌ڕه گه‌یشتووه بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی دژ به هه‌رێمی كوردستان سیاسیین
K24 – هەولێر:
شرۆڤه‌كاریكی سیاسی ئاماژه به‌وه ده‌كات سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران بۆ ئه‌مه‌ریكا له‌م كاته‌دا زۆر گرنگه. ده‌شڵێت، ئه‌مه‌ریكا به‌و باوه‌ڕه گه‌یشتووه بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان سیاسیین.
ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 2ـی ئاداری 2024) فه‌رحان جه‌وهه‌ر، شرۆڤه‌كاری سیاسی سه‌باره‌ت به سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی بۆ ئه‌مه‌ریكا و بانگهێشتكردنی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته به كوردستان24ـی راگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه له‌م كاته‌دا زۆر گرنگ بوو، چونكه ئه‌مه‌ریكا به عێراق و وڵاتانی دراوسێی گوت هه‌رێمی كوردستان به ته‌نیا نییه و واشنتن پشتیوانی لێ ده‌كات.
فه‌رحان جه‌وهه‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌مه‌ریكا په‌یامێكی به هه‌مووان دا و پێی گوتن هه‌رێمی كوردستان هه‌ر چه‌نده ئێوه فشاری بخه‌نه سه‌ر، به‌ڵام ده‌بێت فشاره‌كانتان نه‌هێڵن.
ناوبراو گوتیشی، ئه‌مه‌ریكا به عێراق و وڵاتانی دراوسێی راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر فشاره‌كانتان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان رانه‌گرن، چاره‌نووسی باش نابێت.
ئه‌و شرۆڤه‌كاره سه‌رنجی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ش كه ئه‌مه‌ریكا به‌و باوه‌ڕه گه‌یشتووه بڕیاره‌كانی دادگای فیدڕاڵی به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان سیاسین و ده‌ستووری نین.