كوردستان 24 ده‌بێته‌ چاوى جيهان له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤانان

كوردستان 24 هاوكێشه‌ى وابه‌سته‌بوونى ميدياى كوردى به‌ دنياى ده‌ره‌وه‌ ده‌گۆڕێت

K24 – هه‌ولێر:

له‌ پرۆسه‌ى رزگاركردنى شنگاله‌وه‌ ميدياى جيهانى و ئاژانسه‌ به‌ناوبانگه‌كانى جيهان بۆ وه‌رگرتنى وێنه‌ و زانيارى له‌ باره‌ى كوردستان و پێشمه‌رگه‌وه‌ چاويان له‌سه‌ر كوردستان 24ه‌ و له‌ پرۆسه‌ى رزگاركردنى منبج و ئۆپراسيۆنى ئه‌مڕۆى پێشمه‌رگه‌شدا كوردستان 24 سه‌رچاوى ميدياى جيهانى بوو.

هه‌ر له‌ دامه‌زراندنييه‌وه‌ كوردستان 24 هاوكێشه‌ى وابه‌سته‌بوونى ميدياى كورديى به‌ ميدياى بيانييه‌وه‌ گۆڕى و له‌ ماوه‌يه‌كى كه‌مى كاركردنييدا توانى له‌ رێگه‌ى پيشه‌ييانه‌ رووماڵكردنى رووداوه‌كانه‌وه‌ سه‌رنجى ميدياى جيهانى به‌لاى خۆيدا رابكێشێت.

رۆژى 12ى ئاب/ ئۆگستى 2016 هاوكات له‌گه‌ڵ رزگاركردنى منبج، ئاژانسه‌كانى جيهان له‌وانه‌ رۆيته‌رز و فرانس پرێس و ئه‌سۆشێيتد پرێس و كه‌ناڵه‌ به‌ناوبانگه‌كانى جيهان و ئاژانسه‌ عه‌ره‌بييه‌كان و ئاژانسه‌ نيشتيمانييه‌كانى وڵاتانى جيهان به‌ بايه‌خه‌وه‌ ئه‌و وێنانه‌يان گواسته‌وه‌ كه‌ كوردستان 24 له‌ منبجه‌وه‌ راسته‌وخۆ ده‌يگواستنه‌وه‌.

وێنه‌ى سووتاندنى په‌چه‌ى داعش و كورتكردنه‌وه‌ى ريش له‌ لايه‌ن پياوانى منبجه‌وه‌ كه‌ كوردستان 24 راسته‌وخۆ ده‌يگواسته‌وه‌ له‌ ئاستيى ميدياى نێوده‌وڵه‌تى و جيهانييدا به‌ شێوه‌يه‌كى فراوان بڵاوبوونه‌وه‌ و جيهانيان سه‌رسامكرد، چونكه‌ ئه‌وه‌ يه‌كه‌مجار بوو، هاووڵاتيانى رزگاربووى ژێر ده‌ستى داعش له‌ به‌رده‌م كه‌ناڵێكى ميديايى هه‌ستى خۆيان له‌ باره‌ى ئازادبوونيان به‌ شێوه‌يه‌كى خۆڕسكانه‌ ده‌رببڕن.

ئه‌مڕۆش هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى ئۆپراسيۆنى سه‌ربازى هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ رزگاركردنى ژماره‌يه‌ك گوندى سنوورى باشوورى رۆژهه‌ڵاتى مووسڵ، كامێراى كوردستان 24 بووه‌ چاوى جيهان له‌سه‌ر پێشڕه‌وى و نه‌به‌ردييه‌كانى هێزى پێشمه‌رگه‌ و هه‌ريه‌ك له‌ ئاژانسه‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كانى رۆيته‌رز و ئه‌سۆشێيتد پرێس و كه‌ناڵه‌ به‌ناوبانگ و نێوده‌وڵه‌تييه‌كانى وه‌ك بى بى سى، فۆكس نيوز، سى ئێن ئێن، سكاى نيوز، كه‌ناڵ و ئاژانسه‌كانى رووسيا و وڵاتانى ئه‌وروپايى به‌ بايه‌خه‌وه‌ وێنه‌ و گرته‌ى ڤيديۆيى و زانيارييه‌كانى كوردستان 24يان بۆ وه‌رگرانى خۆيان و بينه‌رانيان له‌ ئاستى جيهان په‌خش و بڵاو كرده‌وه‌.