پێکهاتەکان ستایشی ئارامی و پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان دەکەن

هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان
هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

هەرێمی کوردستان تاکە شوێنە لە ناوچەکە، پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکان بە ئاشتی و ئارامی پێکەوەدەژین، وەک خۆیان دەڵێن:  تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ یەکدی نەبووە، ئەم پێکەوەژیانەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا لە پەرلەمانی کوردستان کاری بۆ کردووە و جیاوازی بە هەموو شێوەیەک نەهێشتووە و هەموو جۆرە بیرێکی تووندڕەویش رەتدەکاتەوە.

حەسەن مەلەک، زێڕنگەر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەناو بازاڕی قەیسەری شاری هەولیر لە دێر زەمانەوە باب و باپیرانمان تا دەگاتەوە خۆشمان لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی دیکە کە دووکانەکانمان لەلای یەکدییە و دراوسێن و بە ئاشتی ژیاوین و هەمیشەش ستایشی ئەو پێکەوەژیانە دەکەین کە لە هەرێمی کوردستان هەیە.

لەلایەن خۆیەوە خەلیل ئیبراهیم، ئاوارەی کریستیان بە کوردستان24ـی گوت: من لە بەغداوە هاتوومەتە هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی هەستمان کرد ئیدارەی سیاسی لە بەغدا لاوازە و ئاسایش لە هەرێمی کوردستان هەیە، لە پایتەختی عێراق کێشەی ناوخۆیی هەیە، 13 ساڵە لە هەولێر دەژین هەستم بە جیاوازی مامەڵەی کوردەکان نەکردووە و زۆر باشن لەگەڵمان.

ئەو ئاوارەی کریستیانە ئاماژەی بەوەدا، لە هەرێمی کوردستان پێکەوەژیانی ئاشتیانە هەیە، هەروەها سەرکردە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانیش باوەشیان بۆ ئەو پێکەوەژیانە کردووەتەوە، ئەمەش شتێکە هەستمان پێکردووە لەلایەن سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگی پێدراوە.

ئەو ئاشتی و پێکەوەژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە ئەزموونی چەندین ساڵەی خەبات و قوربانیدانە، مافی پێکهاتە و ئایینزاکانیش بەپێی یاسا لە پەرلەمانی کوردستان رێکخراوە، هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو ناوچانەی جیاوازی بە هەموو شێوەیەک نەهێشتووە و هەموو جۆرە بیرێکی تووندڕەویش رەتدەکاتەوە.