پاککردنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر بەردەوامە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر:

پاککردنەوەی بازاڕی لەنگەی هەولێر بەردەوامە و ئەو دووکاندارانەی كە لەشەوی سووتانی بازاڕەکە بەهۆی ترس لە گەیشتنی ئاگر بۆ دووکانەکانیان چۆڵیان کرد، ئەمڕۆ کەلوپەلەکانیان دەگەڕێننەوە دووکانەکان و دەست بەکارەکانیان دەکەنەوە، کاسبکارانی ئەم بازاڕە دەڵێن: هەرگیز ناتوانن دەستبەرداری بازاڕەکەبن و بەشێکی زۆری تەمەنیان لێرە بەڕێکردووە.

بازاڕی لەنگە یەکێکە لە بازاڕە میللەکانی شاری هەولێر، زۆرینەی کاسبکارانی بازاڕەکە زیاتر لە دەیان ساڵی تەمەنیان لەم بازاڕە بەسەربردووە، بەردەوامیش کەسانی بیانی و ناوخۆ سەردانی دەکەن و پێداویستییەکانیان لەوێ دەکڕن.

بازاڕی لەنگەی هەولێر بازاڕێکی قەڕەباڵغە، نەک تەنیا بۆ کرینی جلوبەرگ بەڵکوو بۆ کڕینی پێداویستی ناو ماڵیش خەڵک رووی تێدەکەن، هەربۆیەش هاووڵاتییان بەپەرۆشترن لەکاسبکاران بۆ زوو چاککردنەوەی بازاڕەکە کە لەچەند رۆژی رابردوودا بەشێکی سووتا.

کاسبکارنی ئەم بازاڕەش دەڵێن: هەرگیز ناتوانن دەستبەرداری بازاڕەکەبن و بەشێکی زۆری تەمەنیان لێرە بەڕێکردووە.