جێل بایدن: دۆناڵد ترەمپ مەترسی لەسەر ژنان دروست دەکات

جێل بایدن، هاوسەری جۆوو بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا
جێل بایدن، هاوسەری جۆوو بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا

K24 - هەولێر

هاوسەری سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ مەترسی لەسەر ژنان و خێزان دروست دەکات، هەروەها گاڵتە بە جەستەی ژنان دەکات و شانازی بە توندوتیژی دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 3ـی ئاداری 2024، جێل بایدن، هاوسەری جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا مەترسی بۆ سەر ژنان و خێزان دروست دەکات، ئەو هەموو تەمەنی خۆی بە لەناوبردنی ئێمە و بێ بەهاکردنی ئێمە بەسەر بردووە، گاڵتە بە جەستەی ژنان دەکات، رێز لە دەستکەوتەکانمان ناگرێت و شانازی دەکات بە توندوتیژی.

ئەم لێدوانەی جێل بایدن لە میانی دەستپێکردنی هەڵمەتی "ژن بۆ بایدن" لە شاری ئەتڵەنتا لە ویلایەتی جۆرجیا داوە، کە ئامانج لێی رازیکردنی ژنانە بۆ پشتگیریکردن لە دووبارە هەڵبژاردنەوەی جۆو بایدن، سەرۆکی دیموکراتەکان.

بڕیارە لە 5ی تشرینی دووەمی 2024 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوەبچێت، راپرسییەکان دەریدەخەن دۆناڵد ترەمپ زۆرترین ئەگەری کاندیدی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتی کۆمارییەکانە، پێشبینیش دەکرێت رووبەڕووی جۆو بایدن سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا ببێتەوە.

راپرسییەک کە رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەنجامی داوە دەریخستووە کە چانسی سەرکەوتنی جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا بە بەراورد بە دۆناڵد ترەمپ، نەیارە کۆمارییەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا کەمە.

دۆناڵد ترەمپی کۆماریخواز پێشتر هۆشداری دابوو کە ئەمەریکا پێش دەستپێکردنی جەنگی جیهانی سێهەم پێگەی خۆی لەدەست دەدات ئەگەر جۆو بایدن سەرۆک کۆمار لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.