چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ ئاگربەستی شەش هەفتەیی لە غەززە راگەیەندرێت

دیمەنی ئاوارەبووانی کەرتی غەززە لە کۆڵانەکانی شاری رەفەح
دیمەنی ئاوارەبووانی کەرتی غەززە لە کۆڵانەکانی شاری رەفەح

K24 - هەولێر

چاوەڕوان دەکرێت شاندی دانووستانکاری حەماس و حکومەتی ئیسرائیل بۆ رێککەوتن لە سەر ئاگربەستی شەش هەفتەیی لە کەرتی غەززە ئەمڕۆ لە قاهیرەی پایتەختی میسر کۆببەنەوە، بەرپرسێکی ئەمەریکیش دەڵێ؛ ئەگەر حەماس مەرجی ئیسرائیل قەبوڵ بکات، هەر ئەمڕۆ ئاگربەست رادەگەیەندرێت.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری دوو بەرپرسی باڵای ئەمنی میسر بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر هەیە ئەمڕۆ یەکشەممە (3ی ئاداری 2024) شاندی دانووستانکاری حەماس و ئیسرائیل بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بگەنە قاهیرە، بەڵام سەرچاوەیەکی دیکە بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، حکومەتی ئیسرائیل ئامادە نییە هیچ شاندێکی دانووستاندنکار رەوانەی میسر بکات، تا ئەو کاتەی حەماس لیستی ناوی بارمتە رفێندراوەکان بە دەستەوە نەدات.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای سوپای ئەمەریکا ئاشکرایکردووە، ئیسرائیل تا رادەیەک پێشنیازەکانی ئاگربەستی قەبوڵکردووە، بەو مەرجەی حەماس بارمتە نەخۆش، بریندار، بەساڵاچووان و ئافرەتەکان ئازاد بکات.

بەگوتەی بەرپرسە ئەمەریکییەکە ئەگەر حەماس مەرجەکە جێبەجێ بکات، هەر ئەمڕۆ یەکشەممە ئاگربەستی شەش هەفتەیی جێبەجێ دەکرێت، بۆیە ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی حەماسە.

پێشتر پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی، پێشنیازێکی نوێی شاندی ئەمەریکای بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە لە گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستانکاری ئەمەریکا، قەتەر، میسر و ئیسرائیلی لە پاریس ئاشکراکردبوو، پێشنیازەکە بەمشێوەیە بوو، ئیسرائیل دەبێت سەدان زیندانی فەڵەستینی ئازاد بکات، لە بەرامبەریشدا حەماس 40 بارمتە لە ئافرەت، پیاوانی سەروو 50 ساڵ، نەخۆش و بریندارەکان ئازاد بکات.

ئەمەریکا دەیەوێت ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی رابگەیەنرێت و بەرانبەر ئازادکردنی هەر بارمتەیەک، رۆژێک ئاگربەست درێژبکرێتەوە. یەکێکی دیکە لە پێشنیازەکانی ئەمەریکا ئەوەیە، خەڵکی غەززە لە باشوورەوە بگەڕێنرێنەوە باکوور. پێویستە هاوکەرییە مرۆییەکانیش بۆ خەڵکی غەززە زیاتر بکرێن.

هەروەها رۆژی (24ی شوباتی 2024) زاخی هەنگبی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاندبوو، ئەنجومەنی جەنگ رەزامەندیداوە لەسەر ناردنی شاندێک بۆ قەتەر لە سەر رێککەوتنی ئاگربەستێکی چەند هەفتەیی لە پێناو ئازادکردنی بارمتەکان و ئاڵوگۆڕ پێکردنیان لەگەڵ دیلە فەڵەستینییەکان، بەڵام ئیسرائیل داوای ئازادکردنی تەواوی بارمتە رفێندراوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دەکات. راویژکارەکەی بنیامین ناتانیاهۆش رایگەیاندبوو"رێککەوتنێکی لەمجۆرە مانای کۆتایی هاتنی شەڕ نییە".

رۆژی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر ئیسرائیل، بەهۆیەوە زیاتر لە 1160 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژران، لە نێویاندا 700 کەسیان مەدەنی بوون، کە 36 لە قوربانییەکان منداڵ و 70 کەسی دیکەشیان خەڵکی بیانی بوون.

هەروەها 250 کەسیان بە بارمتە رفاند، لە کۆتاییەکانی تشرینی یەکەمی 2023 بە نێوەندگیری قەتەر و میسر و ئەمەریکا ئاگربەستێکی کاتی بۆ هەفتەیەک راگەیەندراو زیاتر لە 100 بارمتەی ئیسرائیلی بەرانبەر بە 240 زیندانی فەڵەستنی ئازادکران، بەڵام بە گوێرەی ئامارێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا 132 رفێندراو لە ژێر دەستی چەکدارانی حەماس ماون و بەهۆی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە لانیکەم 29 کەس لە رفێندراوەکان کوژراون.

لە کاردانەوەی هێرشەکەی حەماس و هەوڵەکانی رزگارکردنی بارمتەکان، سوپای ئیسرائیل لە (17ی تشرینی یەکەمی 2023) هێرشی سەر کەرتی غەززەی کرد، بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 هەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە 70 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون ، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن.