دوای بڕیاری رۆیشتنی بۆ ریال مەدرید پاریس خیانەت لە ئێمباپێ دەکات

کلیان ئێمباپێ هێرشبەری پاریس سانجێرمان
کلیان ئێمباپێ هێرشبەری پاریس سانجێرمان

بە گوێرەی راپۆڕتێكی رۆژنامەوانی، پاریس سانجێرمان پلانەكەی كلیان ئێمباپێی ئاشكرا كردووە، ئەمەش نیگەرانی و توڕەییەكی زۆری لە لایەن ئەو یاریزانە لێكەوتووەتەوە.
رۆژنامەی لكیپی فەرەنسا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كلیان ئێمباپێ لەژێرەوە لەگەڵ ریال مەدرید رێككەوتووە، بەڵام ویستوویەتی ئەم بابەتە بەنهێنی تا كۆتایی ئەم وەرزە بمێنێتەوە و ئاشكرا نەبێت، بەڵام پاریس بە مەبەست ئەو پلانەی ئێمباپێ و ریال مەدریدی لای میدیایەكان ئاشكرا كردووە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، كلیان ئێمباپێ لەمێژە لەگەڵ ریال مەدرید گەیشتووەتە رێككەوتن بە گرێبەستێك بۆ ماوەی 5 وەرز تا هاوینی 2029، تەنانەت ئەم رێككەوتنە دوو هەفتە لەمەوبەر واژۆ كراوە.
پاریس سانجێرمان دوای ئەوەی دركی بەو رێككەوتنە كردووە یەكسەر زانیارییەكانی ڕەوانەی رۆژنامەنووسەكانی نزیكی خۆی كردووە، هاوكات پێگەی كلیان ئێمباپێشی لە پێكهاتەی پاریس لاواز كردووە و چیتر لویز ئێنریكی راهێنەری پاریس سانجێرمان وەكو یاریزانێكی كاریگەر مامەڵە لەگەڵ ئەو یاریزانە ناكات.
سەرچاوەكە نووسیویەتی: ئێمباپێ ویستوویەتی كاتی راگەیاندنی رۆیشتنی بۆ ریال مەدرید بۆ كۆتایی ئەم وەرزە دوابخات، بەڵام پاریس پەردەی لەسەر ئەم نهێنییە هەڵداوەتەوە، فشارێكی دەروونی زۆری خستووەتە سەر یاریزانەكە و ریال مەدریدیشی تووشی كێشە كردووە، بەجۆرێك ئێستا لەنێو ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی ریال مەدرید نیگەرانی دروست بووە لە مووچە خەیاڵییەكەی كلیان ئێمباپێ كە مەزەندە دەكرێت بكاتە 70 ملیۆن یۆرۆ بۆ هەر ساڵێك.
گرێبەستەكەی كلیان ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە كۆتایی ئەم وەرزە تەواو دەبێت، بەمەش یاریزانەكە مافی ئەوەی هەیە لە سەرەتای مانگی 1ـی ئەمساڵ گرێبەست لەگەڵ هەر یانەیەك واژۆ بكات، بە گوێرەی میدیایەكانیش ئێمباپێ رێككەوتنی كۆتایی لەگەڵ ریال مەدرید كردووە.
كلیان ئێمباپێ تەمەن 25 ساڵ، لە هاوینی 2018 لە یانەی مۆناكۆ بە بەهای 120 ملیۆن یۆرۆ روویكردە پاریس سانجێرمان، لەگەڵ ئەو یانەیە لە كۆی 293 یاری، 244 گۆڵ و 105 ئاسیستی كردووە.

فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی ریال مەدرید لەگەڵ كلیان ئێمباپێ ئەستێرەی پاریس سانجێرمان
فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی ریال مەدرید لەگەڵ كلیان ئێمباپێ ئەستێرەی پاریس سانجێرمان