سوودانی: دەمانەوێت لە کەرکووك مافی هەموو لایەک پارێزراو بێت

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدگەیەنێت، زۆر گرنگە کێشەکانی عێراق بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن، کە ئەمەش کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانە. گوتیشی: دەمانەوێت لە کەرکووك مافی هەموو لایەک پارێزراو بێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانەی گوتارێکدا لە یەکەمین رۆژی دیداری رافیدەین رایگەیاند، لەخۆگرتنی ئەم جۆرە دیدارانە لە بەغدا سەبارەت بەو پرسانەی کە بۆ رای گشتی گرنگن بەڵگەن بۆ سارێژبوونەوە و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسییەت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، گفتوگۆ کلیلی چارەسەرە درێژخایەنەکانە، زۆر گرنگە گفتوگۆ هەمیشە بەردەوام بێت، هاوئاهەنگ بێت لەگەڵ گۆرانکارییەکان رووبەڕووی ئەو کێشانە ببێتە کە خەمی کۆمەڵگە و خەڵکن نەک چینێکی دیاریکراو.

رووبەڕووی هەموو ئالنگارییەکان دەبینەوە

سوودانی، ئاماژەی بەوەدا، "ئامانجمانە پشت بە بەرهەمهێنانی غاز ببەستین و نابێت تەنیا پشت بە نەوت ببەستین، هاوکات ئامانجمانە دەرفەتی کار بڕەخسێنین و گۆڕانکاری سەرتاسەری بکەین".

سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەڵێت: عێراق خۆی بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە ئامادە دەکات و، رووبەڕووی هەموو ئالنگارییەکان دەبینەوە، هیواشی خواست گفتوگۆ سەرچاوەی دۆزینەوەی هەموو وەڵامەکان بێت.

دواتر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەر لە دیداری رافیدەین بەشداری لە پانێڵێک کرد و، لە دەستپێکدا باسی لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل و کاریگەری لەسەر خەڵکی غەززە کرد و گوتی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شکستی هێناوە لە پاراستنی هاووڵاتییانی سڤیل لە غەززە، پێویستە ئەو شەڕە بوەستێندێت بۆ ئەوەی بەرەی ململانێ زیاتر فراوانتر نەبێت.

عێراق تاکە وڵاتە کە پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران هەیە

سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبارەی ئەمەریکا، گوتی: ئەمەریکا هاوبەشێکی ستراتیژی ئێمەیە لە شەڕی دژی داعش هاوشان لەگەڵ هێزەکانی عێراق جەنگاوە، هەروەها رێککەوتنێکی ستراتیژی لەنێوانمان هەیە.

گوتیشی: عێراق تاکە وڵاتە کە پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ ئەمەریکا و ئێران هەیە، هەروەها بەهۆی ئەو پەیوەندییە باشەش هەوڵدەدەین پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ هەردوو وڵات زیاتر بەرەو پێش ببەین.

دەمانەوێت لە کەرکووك مافی هەموو لایەک پارێزراو بێت

محەممەد شیاع سوودانی، جەختی لەوەشکردەوە، ‌‌هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لەسەر داوای ئێمە لە عێراقن، هێشتا ئەرکەکەیان لەلامان کۆتایی نەهاتووە. باسی لەوەشکرد، لیژنەی سەربازی عێراق و ئەمەریکا لە گفتوگۆدان لەسەر پلانی داهاتوویان، ئەگەر گەیشتنە رێککەوتن ئەوا خشتەیەک بۆ کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق دیاریدەکەین.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان گوتی: تاکە خەمی من ئەوە بوو کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوای 10 ساڵ لە وەستان ئەنجامبدرێت بە تایبەتی لە پارێزگای کەرکووک، بە شاهێدی هەموو لایەکیش هەڵبژاردنەکان زۆر بە باشی بەڕێوەچوو.

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، "کەرکووک عێراقێکی بچووککراوەیە و هەوڵی نزیککرنەوەی هێزە براوەکانمان داوە، ئەمڕۆ لەگەڵیان کۆبوونەوەی دووەممان ئەنجامداوە، لێکتێگەیشتنی زۆر باش لەنێوانمان هەیە، هەروەها دەمانەوێت لە کەرکووك مافی هەموو لایەک پارێزراو بێت.

سەبارەت بە گەڕانەوەی رەوتی سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی، سوودانی دەڵێت: هیچ شتێکی جێگر لە سیاسەت نییە، رەوتی سەدر لایەنێکی کارایە و جەماوەری خۆی هەیە و شتێکی سرووشتییە ئەگەر بیەوێت بگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسی، بوونی رەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ خەڵک گرنگە چونکە کاریگەریان هەیە لەسەر بڕیارەکان لە بەرژەوندی خەڵک.

لەبارەی کێشەی کەمئاوی لە عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند، وەرزێکی پڕ بارانمان ئەمساڵ هەبووە، بەشێوەیەکی گشتی یەدەگێکی باشی ئاومان هەیە، پڕۆژەیەکی هاوینەش جێبەجێی دەکەین،  پڕۆژەەیەکی چارەسەرکردنی ستراتیژیشمان هەیە بەو نزیکانە رایدەگەیەنین.

نابێت سنوورەکانی عێراق ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ تورکیا، سوودانی، گوتی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا ستراتیژی و پتەون، لیژنەی هاوبەش لەنێوانمان هەیە ئیرادەیەکی راستەقینەش لەنێوانمان هەیە بۆ ئەوەی ئەو دۆسییانەی لە نێوانمان هەیە کە خۆی دەبینێتەوە  لە ئەمنی، ئابووری و ئاو، هەروەها بابەتی هەرە گرنگی کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ تورکیا لەسەر ئاوە.

گوتیشی: چەند کێشەیکی ئەمنی هەن پێویستە رۆڵی خۆمان جێبەجێ بکەین و کێشەکان چارەسەر بکەین، ئەمەش ئەو شتە بوو کە لە دوا کۆبوونەوەی نێوانمان کە ئەنجاماندا ژمارەیەکی زۆر لە دەزگا ئەمنییەکان لەوێدا ئامادەبوون، جەختمان لە پارستنی سنوورەکان کردەوە کە نابێت سنوورەکانی عێراق ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ وڵاتانی دراوسێ.

سەبارەت بە چاکسازی ئابووری، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند، ناکرێت چاکسازی ئابووری بەبێ چاککردنی سیستەمی ئابووری دارایی بانکی جێبەجێ بکرێت، لە کابینەکانی پێشوودا نزیکەی 250  لە پەنجەرەکانی فرۆشتنی دۆلار لە بانکەکەکان هەبوون، بەڵام دوای هاتنی ئەم حکومەتە ئێمە ئێستا لەبەردەمی 30 بانکداین، هەورەها ئەو قەیرانەی کە بەرۆکی عێراقی گرتووە بریتییە لە مامەڵەکردن بە پارەی کاش.

هاوکات راشیگەیاند، بە شاهێدی ئەمەریکا ئەو چاکسازاییەی لە کەرتی ئابووری عێراق کراوە پیشتر نموونەی نەبووە.

ئەمڕۆ (3ـی ئاداری 2024) پێنجەمین دیداری رافیدەین لەژێر درووشمی "ئاییندەی مرۆڤ، قەیران و گۆڕانکارییەکان" دەستپێکرد، هاوکات کوردستان24 سپۆنسەریی میدیایی کۆڕ و دانیشتنەکانی دیدارەکە دەکات.

دیداری رافیدەینی ئەمساڵ 11 پانێڵ لەخۆ دەگرێت، کە زۆرینەی پانێڵەکان بەرپرسانی باڵا لەسەر ئاستی حکومەتی عێراق، وەزیر، پەرلەمانتار و راوێژکاران بەشداری تێیدا دەکەن، هەروەها دیدارەکە بۆ ماوەی 3 رۆژ لە  (3 بۆ 5 ئاداری 2024) بەردەوام دەبێت.