بەنگین رێکانی: پارەدارکردن بۆ مووچە بەردەوام دەبێت

بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق
بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق

K24 – بەغدا:

وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق لە پارەدارکردن بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەریمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

رۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق رایگەیاند، پارەدارکردن بۆ مووچە بەردەوام دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بە گوێرەی ژمارەیەک بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان؛ دەبێت هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان پابەندی یاسایی بودجەی گشتیی فیدراڵی بن و کار بۆ ئەوە بکەن کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆی دابەش بکرێت. هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێڕاقیش پابەند دەبێت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و نابێت لەمەودوا قەرز بدرێتە حکومەتی  هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی مووچە دابەش بکات.

رۆژی (28ـی شوباتی 2024) عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی كه‌ په‌یامنێری كوردستان24 تێیدا ئاماده‌ بوو، رایگه‌یاند، بە گوێره‌ی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی، مووچه‌ی مانگی دووی مووچه‌خۆرانی هەرێم بەپێی ئەو لیست و زانیاریەیە کە حکومەتی هەرێم پێشکەشی بەغدای دەکات، بەڵام بۆ مانگی سێ پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەرێگەی هەژماری بانکییەوە دابینبکرێت.