موسەننا سامەرائی: گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لە کەرکووک بەردەوامن

موسەننا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم
موسەننا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم

K24 – هەولێر:

 سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، دەڵێت: بە سەرپەرشتی سوودانی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگای کەرکووک ئەنجامدراوە و هەموو لایەنەکان گفتوگۆیان لەگەڵدا کراوە. هاوکات دەڵێت: پێشنیازێکی هاوشێوەی رێککەوتنی سیاسی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پێشکەش بە تیمی سوودانی کراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) موسەننا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە ئامادەبوونی نوێنەری لایەنە براوەکانی کەرکووک کۆبوونەوەیەک لە کۆشکی حکومی ئەنجامدرا، لەگەڵ هەموو لایەن و هێزە سیاسییەکانی پارێزگای کەرکووک گفتوگۆ کراوە، نوێنەری ئێمەش لەوێ ئامادەبوو.

سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، دەڵێت: نوێنەری ئێمە پەڕاوێکی پێشنیازیان پێشکەشکردووە؛ کە ئەو دۆسییە گرنگانەی لەخۆ گرتووە بۆ هەموو پێکهاتەکانی ئەو شارە گرنگە، ئەو پێشنیازانە لە لایەن تیمی سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، پێشنیازەکانیش هاوشێوەی رێککەوتنی سیاسی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتن.

موسەننا سامەرائی، لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق، گوتی: هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەماندا نییە.

باسی لەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ ناوی چەند نوێنەرێکی سووننە لە هاوپەیمانی، عەزم، سیادە، حەسم ، عەقدی وەتەنیی و پەرلەمانتارە سەربەخۆکان بە راشکاوی ئاشکرا کراوە و هەموویان واژۆیان لەسەر بەردەوامیدان بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان کردووە.

سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم، دەشڵێت: هیچ بڕیارێکیش لە لایەن دادگای فیدڕاڵییەوە بۆ وەستاندنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق دەرنەکراوە و ئەوەی دەگوترێت رای هەندێک کەسە.

گوتیشی:ئێمە وەک نوێنەری پێکهاتەکەمان داوا دەکەین هەڵبژاردنەکە بکرێت و ئەو ناوانەی پێشتر دیاریکراون دەنگیان پێبدرێت و هێزە سیاسییەکان، رێگە بەو پڕۆسەکە بدەن و لە دانیشتنی داهاتوو دەنگ بە سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان بدەن.