شەری غەززە وەک کاڵایەکی سیاسی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی تورکیا بەکاردەهێندرێت

شەری غەززە وەک کاڵایەکی سیاسی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی تورکیا بەکاردەهێندرێت
شەری غەززە وەک کاڵایەکی سیاسی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی تورکیا بەکاردەهێندرێت

K24 - هەولێر

شەری غەززە وەک کاڵایەکی سیاسی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەکاردەهێندرێت. دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن دەیانەوێت لەڕێگەی جووڵاندنی سۆزی خەڵک، بەسەر یەکدی سەرکەون.

لە بانگەشەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، شەری غەززە وەک کاڵایەکی سیاسی بەکاردەهێندرێت. کاندیدی پارتی دەسەڵات لە ئیستانبوڵ دەڵێت، ئەگەر دەنگی پێبدەن، هاوکاریی غەززە دەکات و کار دەکات بۆ ئازادبوونی. لە بەرامبەردا ئۆپۆزیسیۆن کاندیدەکەی دەسەڵات بە قۆرخکار پێناسە دەکات. لە کاتێکدا، سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا رایدەگەیەنێت، لە مانگی نیسان سەردانی فەڵيستین دەکات.

لێدوانێکی موراد کوڕوم، کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان بۆ گەورەشارەوانی ئیستانبوڵ هەرای ناوەتەوە، کوڕوم داوایکردبوو، هەر دەنگێک لە ئیستانبوڵ، دەنگێکە بۆ ئازادکردنی غەززە و ناردنی هاوکاری.

موراد کوڕوم ئاماژەی بەوە کرد، "لە هەڵبژاردنی 31ـی ئادار ستەملێکراوانی غەززە دڵخۆش دەبن. هەموو ئەو برایانەمان دڵیان خۆشدەبێت کە دەستیان بۆ ئێمە درێژکردووە. لەپێناو ئازادکردنی غەززە و ناردنی هاوکارییەکان لەرێگەی شارەوانی ئیستانبوڵ، پشت بە خوا گەلەکەمان دەنگ بە خزمەتی راستەقینە دەدات".

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (دەهەپە) گوتی، "موراد کوڕوم کەسیکی قۆرخکار و درۆزنە، ئاکپارتی جگە لەم دروشمانە هیچی بۆ دەنگدەرانی نییە."

هاوکات ئەکرەم ئیمامئۆغڵو رایگەیاند، "موراد کوڕوم لە راستیدا رەخنەی لە حکومەت گرتووە. بەقسەی ئەو دەوڵەتی زەبەلاحی تورکیا ناتوانێت هاوکاری غەززە بکات؛ بەڵام ئەو دێت و لەرێگەی شارەوانییەوە هاوکاری دەکات".

لەلایەکی دیکەوە عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤا رایگەیاند، بەکارهێنانی غەززە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان "مایەی شەرمە".

جیا لەوە ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە گوتی، "حکومەت لەلایەک بەردەوامە لە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و لەلایەکیش دەڵێت، ئەگەر دەنگی پێبدرێت هاوکاری بۆ غەززە دەنێرن."

ئەمە یەکەم جار نییە شەڕی غەززە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان لە تورکیا بەکاربهێندرێت. پێشتریش ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاندبوو، لەپێناو پیشاندانی، هاوسۆزی و هاوخەمی، سەردانی فەڵەستین دەکات.