هاکان فیدان: ئێستا کاتی وەستاندنی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیایە

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان رایگەیاند، ئێستا کاتی ئەوەیە گفتوگۆ لە نێوان رووسیا و ئۆکرانیا دەستپێبکات بۆ وەستاندنی شەڕ.

لە کۆتا رۆژی "کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا" کە لە تورکیا بەرێوەچوو، هاکان فیدان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رایگەیاند، "ئێستا کاتی دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان رووسیا و ئۆکرانیایە بۆ وەستاندنی شەڕ".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە روانگەی ئێمەوە، ئێستا هەردوولا گەیشتوونەتە ئاستی ئەوەی کە لە ڕێگەی شەڕەوە دەتوانن بەدەستیبهێنن"، دەشڵێت: "ئەمە بە مانای داننان بە داگیرکردنی زەویی ئۆکرانیەکان لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە نییە و بۆ ئێمەش پێویستە ئاگربەست و پرسی سەروەری بە جیا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".

وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختیکردەوە، لەگەڵ هاوتا رووسیەکەی، سێرگی لاڤرۆڤ، زۆر پرسیان تاوتوێکردووە، دیارترینیان پێشهاتەکانی جەنگی رووسیا و ئۆکرانیایە، هەروەها رێگاکانی دەستپێکردنەوەی رێککەوتنی تێپەڕاندنی سەلامەت بۆ دانەوێڵە لە دەریای رەشدا، جگە لە پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، لەوانە دۆخی غەززە و دۆسیەی فەڵەستین و دۆخی لیبیا و یەمەن و قەوقازی باشوور.

تورکیا پێشتر میوانداری دانوستانە نافەرمیەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیای کردووە، لە میانی دانیشتنی دووەمی "کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتالیا" لە ساڵی 2022، دواتر خولێک لەنێوان هەردوو شاندی دانوستانکار کە لە ئیستانبوڵ بەڕێوەچوو، بەبێ ئەوەی بگاتە ئەنجام.

لە شوباتی 2022، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کرد و بەدەیان هەزار سەرباز و هاووڵاتیانی سڤیل لە هەردوولا کوژراو و بریندار بوون.