گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومه‌تی خۆجێیی له‌ كه‌ركووك به‌رده‌وامن

باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

K24 - هەولێر

کێشەی کەرکووک بەجۆرێک قووڵبووەتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی دەستوەردان دەکات و دووجار کۆبوونەوەی بەلایەنە براوەکانی کەرکووک کردووە. بە گوێرەی زانیارییەکانیش، تا ئێستا لایەنەکان لەسەر پۆستەکانی کەرکووک نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

لە 18ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، کەرکووکییەکان دوای 18 ساڵ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگاری نوێ؛ بەڵام دۆخی پارێزگاکە بە بنبەست گەیشتووە و هیچ کام لە پێکهاتە سەرەکییەکان ئامادەنین بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا و هەڵبژاردنی پارێزگار مل بۆ داوای ئەوانی دیکە بدات.

کێشەی کەرکووک بەجۆرێک قووڵبووەتەوە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی دەستوەردان دەکات و دووجار کۆبوونەوەی بەلایەنە براوەکانی کەرکووک کردووە. دواین کۆبوونەوەشی دوێنێ یەکشەممە، 03-03-2024 بوو کە تێیدا داوای لە لایەنەکان کرد لە ماوەی دوو هەفتەدا نەخشەڕێگەی هەڵبژاردنی پارێزگار و ئەنجوومەنی خۆجێی کەرکووک دیاریبکەن، بەڵام تا ئێستا رێککەوتن لەسەر ئەم پرسە نەکراوە، ئاسۆی رێککەوتنیش لە هیچ لایەکەوە دیارنییە، ئەمەش دەرفەت بە راکان جبووری دەدات وەک پارێزگاری سەپێنراو لە کارەکەی بەردەوام بێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا؛ لایەنە سیاسییەکانی براوەی هەڵبژاردنی کەرکووک پێشنیازەکانیان لەبارەی چۆنیەتی پڕکردنەوەی پۆستەکانی کەرکووک پێشکەشی سوودانی کردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش خوێندنەوەیان بۆ دەکات. چاوەڕێش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بە جیا لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆببێتەوە.

سەبارەت بەم پرسە موسەنا سامەڕائی. سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم رایگەیاند، پێشنیازێک هەیە هاوشێوەی رێککەوتنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، هاوپەیمانێتییەک لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووک پێکبهێندرێت، گفتوگۆکانیش هەر بەردەوامن.

تورکمان و عەرەب داوادەکەن هەر پێکهاتەیەک 18 مانگ پارێزگاری لەلابێت، واتە سیستەمی بەنۆرە پەیڕەوبکرێت. هەرچی پارتییە پێیباشە پارێزگاری کەرکووک کوردێکی بێلایەن بێت، لەبەرامبەردا یەکێتی جەخت لەوەدەکاتەوە، پارێزگار بۆخۆی بێت و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا بۆ عەرەب بێت.

کۆبوونەوە دووقۆڵی و سێ قۆڵییەکان بۆ یەکلایکردنەوەی ئەم پرسە بەردەوامن. بەرپرسە حیزبیەکانیش قسەی جیاواز لەسەر پشکییان لە کێکی پۆستەکان لە کەرکووک دەکەن.

18ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو دوای 18 ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، تیایدا کورد حەوت کورسی، عەرەبەکان شەش کورسی و پێکهاتەی تورکمانیش دوو کورسییان بەدەستهێنا، کورسیەکیش بۆ کریستیانەکان چوو.