رێکخراوی فاو: هێرشەکانی دەریای سوور هەڵاوسان لە جیهان دروست دەکات

K24 - هەولێر

ئۆلیگ کۆبیاکۆڤ، بەڕێوەبەری رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە (رێکخراوی فاو) رایگەیاند، گەمارۆی چەکدارە حوسییەکانی یەمەن بە سەر گەرووی بابولمەندەب و دەریای سوور کاریگەرییەکی نەرێنی بە سەر بازرگانی خۆراک و بەرزبوونەوەی نرخ لە ئاستی جیهانی دەبێت.

کۆبیاکۆڤ  دەڵێ: هەڕەشە و هێرشەکانی سەر کەشتی بازرگانییەکان لە دەریای سوور، وایکردووە کرێی گواستنەوەی دەریایی چوار هێندە زیاد بێت و تێکڕای گواستنەوەش بە رێژەی 30% کەم بێتەوە.

هەروەها ئاماژەیداوە، بەهۆی هێرش و مەترسییەکانەوە، گەورە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی، رەتیانکردووە گواستنەوە کەلوپەل لە دەریای سوورەوە بکەن، ئەمەش پچڕانی لە زنجیرەی لۆجستی جیهانی دروستکردووە و خاوەن بارو بازرگانەکانی ناچارکردووە رێگەی دوور و ئاڵۆز بۆ گەیاندنی بارەکانیان بە سەلامەتی بگرنەبەر.

ئاماژەیداوە، کەشتییە بازرگانییەکان بە ناچاری رێگەی رەئس رەجا ساڵح دەگرنەبەر بۆ بە یەکگەیاندنی ئەوروپا و ئاسیا، ئەمەش رێگەی بازرگانی دەریایی بە دووری هەشت هەزار کیلۆمەتر دوور دەخاتەوە و ماوەی گەشتەکانیش 10 بۆ 14 رۆژ درێژتر دەکاتەوە، بەمەش بە رێژەی 15% تێچووی سووتەمەنی زیاد دەبێت و راستەوخۆ کاریگەری لە سەر بەرزکردنەوەی نزخی بەرهەمەکان دەبێت، بەم هۆکارانەوە لە ئاستی جیهاندا هەڵاوسان لە نرخی خۆراک دروست دەکات.

لە دوای هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لە 17ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، چەکدارە حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور بەناوی بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و پشتیوانی لە چەکدارانی حەماس، هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان دەسپێکرد، تاوەکوو ئێستا تەنیا یەک کەشتی بازرگانی بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی حوسییەکان نقوومی دەریا بووە، ئەویش کەشتی روبیماری بەریتانییە بە بارێکی زیاتر لە 21 هەزار تۆن ماددەی کیمیایی کبریتی فۆسفاتی ئەمۆنیۆم نقومی دەریای سوور بووە و بەم هۆیەوە هۆشداری روودانی کارەساتێکی ژینگەیی لە دەریاکە دراوە.