" گرنگی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا "

Kurd24

بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە لە ٢١ شوبات ٢٠٢٤ دژ بە هەرێمی کوردستان دران، نیگەرانی لەبارەی حکومەت و سەقامگیریی هەرێمەوە لێکەوتەوە. بەپێچەوانەی دەستووری بەرکاری عێراق کە هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدراڵی و خاوەن دامەزراوەی دەستووریی و مافی خۆسەری ناساندووە، ئەم بڕیارانەی دادگا پێگەی دەستووری خۆی خستووەتە ژێر پرسیارەوە و هەڕەشەشە بۆ سەر سیستەمی سیاسی دەوڵەتی عێراق.

لە بەرامبەر ئەم پێشهاتە ترسناکە، بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیکرد بە مانۆرێکی دیپلۆماسی چارەنووسساز بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بە ئامانجی پاراستنی پێگەی هەرێم و کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی. ئەم وتارە بەدواداچوون بۆ گرنگی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت و کاریگەرییەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەم بڕیارانەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق نوێنەرایەتی ئاڵنگارییەکی راستەوخۆ بۆ سەر پێگەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکات و ئەو پرەنسیپانەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە، تێکدەدات. ئەم رەفتارانەی دادگا بە پشتگوێخستنی ماف و سەروەری هەرێمی کوردستان پێشینەیەکی مەترسیدار دادەنێت کە دەتوانێت سەقامگیری سیاسی هەرێم بشێوێنێت و رێگری لە پێشکەوتنەکانی بەرەو کوردستانێکی بەهێز بکات، کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش کۆکە لەسەر ئەم پڕەنسیپە. جگە لەوەش تیشک دەخاتە سەر گرژییە بەردەوامەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق، ئەمەش پەیوەندییە ناسکەکەی نێوان هەردوو قەوارەکە نەک بەرەوە باشتر نابات، بەڵکو خراپتر دەکات.

لەبەر رۆشنایی ئەم ئاڵنگارییانە، سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمەریکا گرنگییەکی زیاتری بەخۆیەوە دەبینێت. بە داننان بە پێویستی پاڵپشتی نێودەوڵەتی لە پاراستنی پێگەی دەستووری هەرێمی کوردستان، دیپلۆماسیەتی سەرۆکی حکومەت هۆکارێک بوو بۆ  کۆکردنەوەی پاڵپشتی بۆ هەرێم  لە لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییەکان و هاوپەیمانەکانی چ لە ئاستی دامەزراوە بڕیاربەدەستەکان، سێناتەکان و دیبلۆماتکارەکانی لەناو ئەمەریکا دا. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پەیوەندی لەگەڵ داڕێژەرانی سیاسەت و بەرپرسانی ئەمەریکا، ئامانجەکەی پێکا کە دەنگی خۆی لەسەر شانۆی جیهانی گەورە بکات و پشتیوانی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان وەک کوردستانێکی بەهێز، کۆبکاتەوە.  

سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی تەنیا ئاماژەیەکی رەمزی نەبوو، بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژییە بە ئامانجی پاراستنی ماف و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ئەو ئاڵنگارییانەی کە شیعە دەسەڵاتدارەکانی عێراق و ناوچەیی دەی خەنە سەری، لە ئێستا و داهاتوودا. سەرۆکی حکومەت لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانی، بە روونی تیشکی خستە سەر ئەو نادادپەروەرییانەی رووبەڕووی هەرێم دەبنەوە. ئەم سەردانەی سەرۆکی حکومەت بە کەڵک وەرگرتن لە پەیوەندییە دیپلۆماسی و هاوپەیمانییەکانی، جارێکی تر ئومێدێکی بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان لە ئامانجی ناڕەوای باڵادەستی دادگای باڵای فیدراڵی، دروستکرد بەهۆی دووپاتکردنەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە پابەندبوونی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز.

گرنگی ئەم سەردانە کاریگەری بەرچاوی لەسەر هەرێمی کوردستان و گەلەکەی دەبێت، بەوپێیەی پەیامێک بوو بۆ نەیارانی قەواری دەستووری هەرێمی کوردستان، بەمەش دەتوانێت دەستی حکومەت لە دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، بەهێزتر بکات. هەروەها مافی هاووڵاتیانی لە بەرامبەر دەستوەردانی سیاسی و کاریگەریی ناڕەوا بپارێزێت. لەم سەردانەدا، دیپلۆماسیەتی سەرۆک حکومەت لەگەڵ ئەمەریکا کە یاریزانێکی سەرەکییە لە ناوچەکەدا، رێگرییەکە لە کاریگەریگەری کوتلە شیعەکانی دەسەڵاتدار لەسەر هەرێم و دەرفەتێکیشی بۆ هەرێم رەخساند کە دۆخەکەی بخاتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان، هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ کۆبکاتەوە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە فشار بخاتە سەر کوتلە شیعەکانی دەسەڵاتدار بۆ رێزگرتن لە ماف و بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان. هەروەها  دەتوانێ ئاماژەیەکیش بێت بۆ ئەکتەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کە هەرێمی کوردستان چالاکانە بەرگری لە پێگەی دەستووری و ئۆتۆنۆمی خۆی دەکات.

زیاتر لەمەش، گرنگیەکی تری ئەم سەردانە دەتوانێت سەرنج و لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی کۆبکاتەوە سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی کە لە ژێر کاریگەری دەسەڵاتە هەژمونییە ناوچەییەکاندان، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە بڕیاری نادادپەروەرانە یان کاری زۆرەملێ لە دژی هەرێم رابگرێت، دڵنیاییەکیش بوو لە ئەمەریکا تەنانەت لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی دیکەش بۆ رێزگرتن لە مافەکانی هەرێمی کوردستان و رێگریکردن لە دەستوەردانی ناڕەوا لە کاروباری ناوخۆی هەرێم. لەمەش زیاتر، دەتوانێت خۆڕاگری حکومەتی هەرێم لە بەرامبەر فشارە کوتلە دەسەڵاتدارەکانی عێراق و ناوچەییەکان و هەوڵەکانی تێکدانی پێکهاتە دەستوورییەکەی، بەهێزتر بکات.

لە کۆتاییدا دەڵێین، سەردانەکەی سەرۆک حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا توانای کەمکردنەوەی ئەو مەترسیانەی هەیە کە لەلایەن کوتلە شیعەکانی دەسەڵاتدارەوە دروستدەکرێن، چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی کە لەژێر کاریگەری هەژموونی هەرێمایەتیدان، هەروەها بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە. هەرێمی کوردستان لە رێگەی تێکۆشانی دیپلۆماسی و هەوڵی داکۆکیکردن و هاوپەیمانی ستراتیجی دەتوانێ پێگەی خۆی بەهێزتر بکات و بەرگری لە سەروەریی خۆی بکات لە بەرامبەر فشارە دەرەکییەکان و ئاڵنگارییە ناوخۆییەکان ناو عێراق.