دیپلۆماتکارێکی عێراقی: نابێت کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە هەڵپەسێردراوی بمێننەوە

عەلی دەباغ، دیپلۆماتکار و سیاسەتمەداری عێراقی
عەلی دەباغ، دیپلۆماتکار و سیاسەتمەداری عێراقی

K24 - هەولێر

دیپلۆماتکار و سیاسەتمەدارێکی عێراقی بە پێویستی دەزانێت کێشەکانی بەغدا و هەولێر چارەسەربکرێن و دەڵێت، نابێت بە هەڵپەسێردراوی بمێننەوە. ئاماژە بەوەش دەدات، "سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان بۆ هەمووان گرنگە".

ئەمڕۆ دووشەممە، 04-03-2024، عەلی دەباغ، دیپلۆماتکار و سیاسەتمەداری عێراقی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 لە پەراێزی بەڕێوەچوونی پێنجەمین دیداری رافیدەین لە بەغدا؛ باسی لە کێشەکانی هەولێر و بەغدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی کرد.

کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا

عەلی دەباغ لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گوتی، "پێویستە بەرژوەندیی هەموو گەلانی عێراق ڕەچاوبکرێت و رێز لە دەستوور بگیرێت. لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا، کێشەکانی تایبەت بە نەوت، بودجە، ماددەی 140 و چەند کێشەیەکی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا بە تەواوەتی چارەسەرنەکراون". 

بە گوتەی ئەو دیپلۆماتکارە عێراقییە، "سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ عێراق و هەموو لایەنە سیاسییەکان گرنگە. پێویستە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەکدی نزیک بکرێنەوە و نابێت کێشەکان بە هەڵپەسێردراوی بمێننەوە، چونکە بەو شێوەیە زیان بە گەلی کورد دەگات".

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

لەبارەی هەوڵەکانیش بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان؛ دەباغ بە پێویستی دەزانێت "شەفافییەت لە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان هەبێت، بەتایبەت بڕی هەناردەکردنی رۆژانەی نەوت و داهاتەکەی. هاوکات پێویستە بەغداش بە شەفافیانە مامەڵە لەگەڵ هەولێر بکات بۆ ئەوەی کێشەکانی تایبەت بەو دۆسیەیە چارەسەبکرێن و لە زووترین کاتدا نەوت هەناردەبکرێتەوە".

وەکو ئەوەی ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە ئاماژەی پێ دا، "هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەرژوەندی حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنەکانی دیکەیە. ئەگەر بارودۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و نەوت هەناردەنەکرێتەوە، زیان بە پەیوندییە سیاسی و ئابوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگات".

رێککەوتنەکانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان

عەلی دەباغ باسی لەوەش کرد، "تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆنکریتی لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکی کێشەکان نەکراوە و زۆربەی جار ئەوەی هەبووە چارەسەرێکی کاتی کێشەکان بووە. زۆر جاریش هەردوولا پابەندی رێککەوتنەکان نەبوونە، ئەوەش وایکردووە کێشە هەڵپەسێرداوەکان چارەسەرنەکرێن".

دەباغ داوا دەکات "نزیکبوونەوەیەکی جیددی و لۆژیکیانە لەنێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەبێت" بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بنەڕەتی کێشەکانی تایبەت بە هەناردەکردنی نەوت، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکە چارەسەربکرێن و سەقامگیریی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە.

ئەو دیپلۆماتکارە عێراقییە جەختی لەوە کردەوە، "هێزی هەرێمی کوردستان هێزە بۆ هەموو عێراق؛ بە هەمان شێوە هێزی بەغداش هێزە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان. ئێمە رووبەڕووی دوژمنێکی هاوبەش بووینە و خوێنمان تێکەڵ بوو. ئێمە دەتوانین پێکەوە بژین و سەقامگیرییەکی هاوبەشمان هەبێت. عێراق شانازی دەکات بەوەی هەرێمی کوردستان سەقامگیرە".

بەڕێوەچوونی پێنجەمین دیداری رافیدەین

رۆژی یەکشەممە، 03-04-2024، پێنجەمین دیداری رافیدەین لەژێر درووشمی "ئاییندەی مرۆڤ، قەیران و گۆڕانکارییەکان" دەستپێکرد. کوردستان24 یەکێکە لە سپۆنسەریی میدیایی کۆڕ و دانیشتنەکانی دیدارەکە.

دیداری رافیدەینی ئەمساڵ 11 پانێڵ لەخۆ دەگرێت، کە زۆرینەی پانێڵەکان بەرپرسانی باڵا لەسەر ئاستی حکومەتی عێراق، وەزیر، پەرلەمانتار و راوێژکاران بەشداری تێیدا دەکەن، هەروەها دیدارەکە بۆ ماوەی 3 رۆژ لە  (3 بۆ 5 ئاداری 2024) بەردەوام دەبێت.