محەممەد کەمال: هەوڵدەدرێت لەم دوو هەفتەیەدا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کارابکرێت

کۆنگرەی رۆژنامەوانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی
کۆنگرەی رۆژنامەوانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی

K24 - هەولێر

بەرپرسانی لقی سێی پارتی و مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکووک رایدەگەیەنن، هەوڵدەدرێت لەماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کارابکرێت.

بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 04-03-2024، شاندێکی لقی سێی پارتیی دیموکراتیی کوردستان لە کەرکووک بە سەرۆکایەتیی محەممەد کەمال، بەرپرسی لقەکە و بە یاوەری حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک سەردانی مەڵبەندی دووی یەکێتیی لەو شارە کرد.

محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە سەردانەکەی ئەمڕۆماندا باسی پێکەوە ژیان و هەڵبژاردنمان لە شاری کەرکووک کرد. لە کۆبوونەوەی دوێنێی بەغدا لەسەر دەستی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوەکە بە کراوەیی ماوەتەوە، کە هەوڵدەدرێت لەماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کارا بکرێت و کارەکان بکەوێتەوە سەر رێچکەی خۆی".

لای خۆیەوە رەوەند مەلا مەحموود، بەرپرسی سێی مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا قسەمان لەسەر ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرد. بە هەموولایەکمانەوە هەوڵبدەین ئەنجوومەنەکە کارابێتەوە".

بەگوتەی بەرپرسی سێی مەڵبەندی یەکێتی: "ئەوەی ماوەتەوە بۆ شرۆڤەکردنی نێوان لیستە براوەکان، لەگەڵ هەڤاڵانی لق و لایەنە کوردستانییەکان کردووە لەم مانگەدا کە مانگی نەورۆزە لە هەموو بۆنە و نەتەوە نیشتیمانییەکان بەیەکەوە بین هاوکاری و هەماهەنگیمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین دانیشتوانی شاری کەرکووکیش رازی بن لەکارەکانمان. هەمووشمان هاوڕاین کە ناو ماڵی کورد یەکبخەین و لەگەڵ هەموو حزب و لایەنەکان کۆبوونەوە بکەین".

لە 18ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، کەرکووکییەکان دوای 18 ساڵ چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگاری نوێ؛ بەڵام دۆخی پارێزگاکە بە بنبەست گەیشتووە و هیچ کام لە پێکهاتە سەرەکییەکان ئامادەنین بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا و هەڵبژاردنی پارێزگار مل بۆ داوای ئەوانی دیکە بدات.

کێشەی کەرکووک بەجۆرێک قووڵبووەتەوە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خۆی دەستوەردان دەکات و دووجار کۆبوونەوەی بەلایەنە براوەکانی کەرکووک کردووە. دواین کۆبوونەوەشی دوێنێ یەکشەممە، 03-03-2024 بوو کە تێیدا داوای لە لایەنەکان کرد لە ماوەی دوو هەفتەدا نەخشەڕێگەی هەڵبژاردنی پارێزگار و ئەنجوومەنی خۆجێی کەرکووک دیاریبکەن، بەڵام تا ئێستا رێککەوتن لەسەر ئەم پرسە نەکراوە، ئاسۆی رێککەوتنیش لە هیچ لایەکەوە دیارنییە، ئەمەش دەرفەت بە راکان جبووری دەدات وەک پارێزگاری سەپێنراو لە کارەکەی بەردەوام بێت.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا؛ لایەنە سیاسییەکانی براوەی هەڵبژاردنی کەرکووک پێشنیازەکانیان لەبارەی چۆنیەتی پڕکردنەوەی پۆستەکانی کەرکووک پێشکەشی سوودانی کردووە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش خوێندنەوەیان بۆ دەکات. چاوەڕێش دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بە جیا لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆببێتەوە.