سەرۆك بارزانی: هەڵوەشاندنەوەی کۆتای پێکهاتەکان لێدانە لە پرسی هاوبەشێتی و پێکەوەژیان

پێشوازی سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق (وێنە: بارەگای بارزانی)
پێشوازی سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق (وێنە: بارەگای بارزانی)

K24 - هەولێر

سەرۆک بارزانی رایدەگەیەنێت، هەڵوەشاندنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان "لێدانە لە پرسی هاوبەشێتی و پێکەوەژیان". باس لەوەش دەکات، مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی لە عێراق "پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەستە بە سەرجەم پێکهاتەکان".

ئەمڕۆ دووشەممە، 04-03-2024، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە گلین مایڵز، باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق كرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی بارەگای بارزانی، "لەدیدارەكەدا باڵیۆزی ئوسترالیا ستایشی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان کرد و، خواستی وڵاتەکەی بۆ قووڵكردنەوەی ئەم پەیوەندییە خستەڕوو".

لە بەشێکی دیکەی دیدارەكەدا "باس لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە هەرێمی کوردستان کرا"، کە بڕیارە لە 10ی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت؛ "لەم رووە تاوتوێی پرسی سەختیی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بەبێ بەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان کرا، لەبەرئەوەی هەڵوەشاندنەوەی کۆتای پێکهاتەکان لێدانە لە پرسی هاوبەشێتی و پێکەوەژیان".

ئەوەش خرایەروو، "هەرێمی کوردستان بەردەوام پێداگیریی لەسەر پێکەوەژیان کردووە، بەوپێیەی یەکێکە لەو بنەما سەرەکییانەی کە بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمەکەدا لەسەری بونیات نراوە".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پێکهاتەکان بەشێکی دانەبڕاون لە گەلی کوردستان و، لەبەر توندیی کێبڕکێکان رەنگە بەبێ بوونی کۆتا نەتوانن نوێنەرایەتیی خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان دەست بخەن".

لە تەوەرێكی تری دیدارەکەدا، مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانییەتی نێودەوڵەتی لە عێراق باس کرا، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمە پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەستە بە سەرجەم پێکهاتەکان و، پێویستە لەم روانگەیەوە درک بە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر بکرێت".

 

وێنەیەکی دیکەی پێشوازی سەرۆك بارزانی لە باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق (وێنە: بارەگای بارزانی)
وێنەیەکی دیکەی پێشوازی سەرۆك بارزانی لە باڵیۆزی ئوسترالیا لە عێراق (وێنە: بارەگای بارزانی)