دوو یوتێرن لە شاری دهۆک کرانەوە

K24 - هەولێر

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو یوتێرن لەسەر رێگەی سەرەکی بارزان لەنێو شاری دهۆک کرانەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 04-03-2024، بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، لە رێوڕەسمێکدا بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو یوتێرن لەسەر رێگەی سەرەکی بارزان لەنێو شاری دهۆک کرانەوە.

لە رێورەسمەکەدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بەو دیدگایەوە دەڕوانێت کە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە بایەخدان بە رۆڵی کۆمپانیا خۆماڵییەکان بۆ ئەوەی رۆڵیان هەبێت لە شانبەشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارەکانیان بکەن و پەرە بەژێرخانی ئابووری کوردستان بدەن هاوشان لەگەڵ حکومەتدا.

بەگوتەی ئەو وەزیرە: "ئەو پڕۆژەی کە تەواو کراوە هیچ شایستە داراییەکی بۆ خەرج نەکراوە، ئەوەش نیشانەی هەستی نیشتمان پەروەری ئەو کۆمپانیانەیە کە وڵاتی خۆیان خۆشدەوێت، کە بڕوایان بە ئایندەی کوردستانە، بەبێ ئەوەی گوێبدەنە قەیرانی دارایی، پڕۆژەکان تەواو دەکەن و خزمەتی خەڵکی پێدەکەن. لە کوردستان هەموو پێکهاتەکان بە حکومەت بە هاووڵاتی بە کۆمپانیاکان و سەرمایەدارەکان تەواوکەری یەکترن و خزمەتی وڵات و کوردستانی خۆیان دەکەین".

ساسان عەونی دەشڵێت: "ئەم پڕۆژە لە کاتێکدا دەکرێتەوە کە چەندین کێشە و گرفتی مووچەمان هەیە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵدەدرێت ئاستەنگ بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکرێت، مووچە و بودجەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوابخرێت، بەڵام خۆشبەختانە بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دڵسۆزان، بە پڕۆژە بە خزمەتکردن وەڵامی ئەو قورساییانە دەدەینە کە رووبەڕووی هاووڵاتییان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە".