ڤیان سەبری: دابەشکردنی مووچە لە رێگەی بانکەوە لە دەسەڵاتی دەستووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: تاوەکو ئێستا ئەقڵییەتی مەرکەزی لە بەغدا زاڵە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی هەموو دەسەڵاتەکان دەدات، بەڵام هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی دەستوورییە و هیچ لایەنێک ناتوانێت دەستی بۆ ببات و جەختیکردەوە، پرۆژەی هەژماری من بۆ دابەشکردنی مووچە، لە دەسەڵاتە دەستوورییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

رۆژی دووشەممە (4ـی ئاداری 2024) ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە رووماڵی کوردستان24 لە دیداری رافیدەین لە بەغدا رایگەیاند، هەر کاتێک لێکنزیکبوونەوە هەبێت لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، لایەنێک سكاڵا تۆماردەکات لە دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەی رێککەوتنەکان تێکبدات.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا، وەک حکومەتی هەرێمی فیدراڵیی دەستووریی، مافی خۆیەتی ئەو رێکارانەی لە حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ دەکرێت، خۆی ئەنجامی بدات، لەسەر ئەو بنەمایەش پرۆژەی هەژماری من بۆ دابەشکردنی مووچە لە رێگەی بانکەوە بۆ مووچەخۆرانی دەستپێکرد، کەچی ئێستا دادگای فیدراڵی بە بڕیارێک ئاماژە بە "توطین"ـی مووچە دەکات بەڵام ئەوە مافێکی دەستووریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە خۆی ئەنجامی بدات.

ڤیان سەبری گوتیشی: هەندێک کێشەی تەکنیکی هەیە لە پرسی مووچە لەنێوان هەولێر  و بەغدا، بەڵام کۆی پرسەکە پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە و  ئەقڵییەتی مەرکەزی لە بەغدا زاڵە و بەشێوەیەکی گشتی لە سیستمی سیاسیی عێراقدا، پرسی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ و مافی پێکهاتەکانیش پێشێل دەکرێت، بەتایبەتی دادگای فیدراڵی لە دەرەوەی دەسەڵاتی خۆی هەندێک بڕیاردەدات کە پێچەوانەی دەستوورە، بەتایبەتی لە پرسی کورسی کۆتای پێکهاتەکان.