ئامۆس هۆكستین: رێككەوتنێك بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە لەسەر مێزی گفتوگۆیە

K24 – هەولێر:

گەورە راوێژكارێكی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، پێشنیازی رێككەوتنێك بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە لەسەر مێزی گفتوگۆیە، بەڵام مەرج نییە لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە لە لوبنانیش ئاگربەست رابگەێندرێت.

ئامۆس هۆكستین گەورە راوێژكاری جۆ بایدن سەرۆكی ئەمmریكا لە لوبنانە و دەڵێ، پێویستە لەرێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەرێك بۆ كێشەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بدۆزینەوە.

ئامۆس هۆكستین  هه‌روه‌ها گوتی: "رێككەوتنێك لەسەر مێزە هیوادارم لایەنەكان پەسەندی بكەن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەێنێت لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە لێرەش لە لوبنان ئاگربەست رابگەێندرێت".

ده‌شڵێت: "هۆكاری سەردانەكەی منیش ئەوەیە گفتوگۆ بكەین بزانین بۆ لوبنان چی دەتوانین بكەین و لەسەر چی رێكدەكەوین. دەمەوێت چارەسەرێكی دیپلۆماسی بۆ كێشەی سەرسنوورەكانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بدۆزینەوە. ئەمه‌ریكا بەردەوام لەگەڵ ئەوە بووە لەرێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەرێك بۆ ئەو كێشەیە بدۆزرێتەوە. بۆئەوەی هاووڵاتیانی لوبنان و ئیسرائیلیش بتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان."

ئەمەریکا دەیەوێت ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی رابگەیەندرێت و بەرانبەر ئازادکردنی هەر بارمتەیەک، رۆژێک ئاگربەست درێژبکرێتەوە. یەکێکی دیکە لە پێشنیازەکانی ئەمەریکا ئەوەیە، خەڵکی غەززە لە باشوورەوە بگەڕێنرێنەوە باکوور. پێویستە هاوکەرییە مرۆییەکانیش بۆ خەڵکی غەززە زیاتر بکرێن.

هەروەها رۆژی (24ی شوباتی 2024) زاخی هەنگبی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاندبوو، ئەنجومەنی جەنگ رەزامەندیداوە لەسەر ناردنی شاندێک بۆ قەتەر لە سەر رێککەوتنی ئاگربەستێکی چەند هەفتەیی لە پێناو ئازادکردنی بارمتەکان و ئاڵوگۆڕ پێکردنیان لەگەڵ دیلە فەڵەستینییەکان، بەڵام ئیسرائیل داوای ئازادکردنی تەواوی بارمتە رفێندراوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دەکات. راویژکارەکەی بنیامین ناتانیاهۆش رایگەیاندبوو"رێککەوتنێکی لەمجۆرە مانای کۆتایی هاتنی شەڕ نییە".

رۆژی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیانکردە سەر ئیسرائیل، بەهۆیەوە زیاتر لە 1160 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژران، لە نێویاندا 700 کەسیان مەدەنی بوون، کە 36 لە قوربانییەکان منداڵ و 70 کەسی دیکەشیان خەڵکی بیانی بوون.

هەروەها 250 کەسیان بە بارمتە رفاند، لە کۆتاییەکانی تشرینی یەکەمی 2023 بە نێوەندگیری قەتەر و میسر و ئەمەریکا ئاگربەستێکی کاتی بۆ هەفتەیەک راگەیەندراو زیاتر لە 100 بارمتەی ئیسرائیلی بەرانبەر بە 240 زیندانی فەڵەستنی ئازادکران، بەڵام بە گوێرەی ئامارێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل تاوەکو ئێستا 132 رفێندراو لە ژێر دەستی چەکدارانی حەماس ماون و بەهۆی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە لانیکەم 29 کەس لە رفێندراوەکان کوژراون.

لە کاردانەوەی هێرشەکەی حەماس و هەوڵەکانی رزگارکردنی بارمتەکان، سوپای ئیسرائیل لە (17ی تشرینی یەکەمی 2023) هێرشی سەر کەرتی غەززەی کرد، بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین تاوەکو ئێستا زیاتر لە 30 هەزار کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و زیاتر لە 70 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون ، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن.